سیستانی بۆ دەسەلاتدارانی عێراق: توندوتیژیی بەرامبەر بەخۆپیشاندەران رابگرن‌و بکوژەکان سزا بدەن
  2019-11-08       964       

ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق هۆشداری دەداتە خۆپیشاندەران كە هەندێك لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی ئەمڕۆكە هەوڵدەدەن، بزوتنەوە ناڕەزایەتییەكەی خۆپیشاندەران بقۆزنەوە بۆ ئامانجەكانی خۆیان و رێڕەوی ناڕەزایەتییەكان بگۆڕن، ئەو بەدەسەلاتدارانی عێراق دەڵێت "توندوتیژیی بەرامبەر بەخۆپیشاندەران رابگرن‌و بکوژەکان سزا بدەن".

 

ئاوێنە: لەنوێژی هەینی ئەمڕۆدا لەكەربەلا، دەقی پەیامی ئایەتوڵا سیستانی لەلایەن نوێنەرەكەیەوە، عەبدولمەهدی كەربەلایی سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی عێراق خوێندرایەوە.

سیستانی لە پەیامەكەیدا وێڕای ئەوەی داواكاری خۆی بۆ لێپێچینەوە لەوانەی خۆپیشاندەرانیان كوشتوە پێنج خاڵیشی سەبارەت بە روداوەكان خستۆتەڕو.

لە خاڵی یەكەمدا سیستانی هێمای بۆ ئەوە كردوە كە هێزە دەسەڵاتدارەكان دەرفەتێكی بێوێنەیان لەبەردەمدایە بۆ وەڵامدانەوەی داخوازییەكانی هاوڵاتییان بەپێی نەخشەڕێگایەك كە لەسەری رێكبكەون و لەماوەیەكی دیاریكراودا جێبەجێ بكرێت لەپێناو دانانی سنورێك بۆ ماوەیەكی درێژ لە گەندەڵی و پشكپشكێنەو نەبونی دادوەری كۆمەڵایەتی.

وتوشیەتی"نابێت لەم روەوە دەستی دەستی بكرێت. چونكە ئەوە مەترسی گەورەی بۆ وڵات تێیدایە."

لەخاڵی دوەمدا سیستانی ئاماژەی بەوەداوە كە پارێزگاریكردن لە ئاشتیبونی خۆپیشاندانەكان گرنگییەكی زۆری هەیەو بەرپرسیارێتی گەورەش لەوەدا دەكەوێتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكان كە خۆیان بەدوربگرن لە بەكارهێنانی توندوتیژی بەتایبەت بەكارهێنانی هێزی زۆر لە مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازدا چونكە ئەوە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و ئەنجامی خراپی دەبێت لەكاتێكدا كە تێبینی كراوە زۆربەی بەشدارانی خۆپیشاندانەكان پارێزگاری لە ئاشتیخوازانەیی خۆپیشاندانەكان دەكەن و خۆیان بەدوردەگرن لە روبەڕوبونەوەی هێزە ئەمنییەكان و دامەزراوەكانی حكومەتی موڵكی تایبەت و پێویستە ئەو كەمینەیەی نێو خۆپیشاندەران كە روبەڕوی هێزە ئەمنییەكان دەبنەوە هانبدرێن بۆ دەستبەرداربون لەوە.

سیستانی لەخاڵی سێیەمدا جەختی لەسەر مافی خۆپیشاندان بۆ هەمو هاوڵاتییەك كردۆتەوەو داواشی كردوە ئەوانەی بەشدارن لەخۆپیشاندانەكان لەگەڵ ئەوانەی بەشداریان نەكردوە یەكدی تۆمەتبارنەكەن و رێزی جیاوازی بیروڕای یەكدی بگرن.

لەخاڵی چوارەمدا هاتوە"چەند لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەكی هەن لەچەند دەیەی رابردودا رۆڵی دیاریان هەبوە لە زیان بە عێراق و سەركەوتكردن و خراپ بەكارهێنانی عێراقییەكان، ئەمڕۆكەش هەوڵی بەكارهێنانی بزوتنەوە ناڕازییەكەی ئێستا دەدەن بە بەدیهێنانی هەندێك لە ئامانجەكانیان، دەبێت بەشدارانی ناڕەزایەتییەكان و ئەوانی دیكەش هۆشدار بن كە ئەم لایەنانە هیچ كەلێنێك نەقۆزنەوە بۆ دزەكردنە نێویان و گۆڕینی رێڕەوی بزوتنەوەی ریفۆرمخوازەكەیان."

لەخاڵی كۆتاییشدا سیستانی، ستایشی هێزە چەكدارەكانی عێراقی كردوە پێشی وایە دەبێت رێزیان لێ بگیرێت و وتوشیەتی؛ ئەگەر ئەمڕۆكە دەرفەتی خۆپیشاندان و گردبونەوەی ئاشتیانە هەیە دور لە دڕندەیی تیرۆریستان، ئەوا لە چاكەی ئەم هێزانەوەیە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×