كۆبونەوەكەی كۆشكی سەلام جەخت لە رەتكردنەوەی هەر چارەسەرێكی ئەمنی بۆ خۆپیشاندانەكان دەكاتەوە
  2019-11-10       1155       

سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری جەخت لە رەتكردنەوەی هەر چارەسەرێكی ئەمنی بۆ خۆپیشاندانەكان دەكەنەوەو دەشڵێن: دەستكراوە بە زەمینەخۆشكردن بۆ كردنەوەی دۆسیەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە گەندەڵی و دانانی یاسایەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنەكان و گفتوگۆیەكی نیشتمانی بۆ پێداچونەوە بە سیستمی حوكمڕانی و دەستوردا.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمارو عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و فایەق زەیدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە كۆشكی سەلام لە بەغدا كۆبونەوە.

بەپێی بەیاننامەی كۆبونەوەكە، تێیدا پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكی وڵات لەسایەی خۆپیشاندانە گەورەكاندا تاوتوێكراون و جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە خۆپیشاندانە جەماوەرییە ئاشتیخوازانەكان بزوتنەوەی چاكسازیخوازیی رەوان.

هەروەك بەشدارانی كۆبونەوەكە جەختیان لەسەر هەڵوێستی جێگیریان كردۆتەوە بە رەتكردنەوەی هەر چارەسەرێكی ئەمنی بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانەو لێپێچینەوە لەوانەی توندوتیژی بەكاردەهێنن.

هەروەك كۆبونەوەكە تاوتوێی حاڵەتەكانی رفاندنی چالاكوانان و دەستدرێژیكردن سەر خۆپیشاندەرانی كردوە و رایگەیاندوە كە لێكۆڵینەوە لەوانەی بەو تاوانە هەڵساون دەكرێت و سزای یاسایی دەدرێن و هیچ خۆپیشاندەرێكیش بە دەستگیركراوای ناهێڵرێتەوە.

بەشدارانی كۆبونەوەكە جەختیشیان كردۆتەوە كە ئەوانەی تاوانیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە رەوانەی بەردەما دادگا دەكرێن لەهەر لایەك بن.

بەپێی بەیاننامەكە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دادوەری بەكردەوە دەستیان كردوە بە كاری یاسایی بۆ كردنەوەی دۆسیەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە گەندەڵی و لێپێچینەوە لە تۆمەتبارانی گەندەڵی و كردنەوەی ئەو دۆسیانەش بەردەوام دەبێت.

هەروەك ئاشكراشیكردوە كە دەستكراوە بە كاركردن بۆ دانانی یاسایەكی نوێی هەڵبژاردن بەجۆرێك كە گەرەنتی بەدیهێنانی دادوەریی ركاربەریی هەڵبژاردن بكات و سنورێكیش بۆ دەرفەتی قۆرخكردنی حزبی دابنێت و یاساكەش دەبێتە هۆی دانانی كۆمسیۆنێكی باڵای هەڵبژاردن كە بەكردەوە سەربەخۆو پرۆفیشناڵ و لێهاتو بێت.

بەیاننامەكە جەختیشی كردۆتەوە كە خۆپیشاندانەكان هاوكاریان كردوەو دەیكەن لە گوشاری رەوا بۆ سەر هێزو لایەنە سیاسییەكان و حكومەت و دەسەڵاتەكانی تەشریعی و جێبەجێكردن و دادوەریی بۆ ئەوەی گۆڕانكاری ئەرێنی قبوڵ بكەن بەتایبەت لە بواری ئەنجامدانی گۆڕانكاریی وەزاریدا.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە دەستكراوە بە زەمینەخۆشكردن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی نیشتمانی بۆ پێداچونەوە بە سیستمی حوكمڕانی و دەستوردا بەپێی چوارچێوە دەستوریی و یاساییەكان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×