مەزڵوم كۆبانی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرادەكات كە هێزەكانی ئەمریكاو روسیای لێ جێگیردەبن
  2019-11-10       2719       

مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، ئەمریكاو روسیاو چەند وڵاتێكی ئەوروپی كاردەكەن بۆ ئەوەی بەشداری بە نوێنەرانی رۆژئاوای كوردستان لەلیژنەی نوسینەوەی دەستوری سوریادا بكرێت. ناوچەكانی جێگركردنی هێزەكانی ئەمریكاو روسیا لە رۆژئاوای كوردستان ئاشكرادەكات و دەشڵێت، لەماوەی چەند هەفتەی داهاتودا نەخشەی كۆتایی دابەشكردنی ئەو هێزانەی لەئێستادا لە رۆژئاوا بونیان هەیە، رون دەبێتەوە.

ئاوێنە: مەزڵوم كۆبانی، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئێزگەی "ئارتا ئێف ئێم" كە ئەمڕۆ شەممە بڵاوكراوەتەوە، رایگەیاندوە؛ توركیا پڕۆژەی گۆڕینی دیموگرافی ئەنجام دەدات و رێگەنادات ئاوارەكانی هەردو ناوچەی گرێسپی و سەرێكانی بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

مەزڵوم كۆبانی وتوشیەتی"سەرجەم ئەو پابەندییانەی لەپەیوەست بە هەردو رێككەوتنی ئاگربەست هەن جێبەجێمان كردون كە ئامانج لێیان راگرتنی دەستدرێژییەكانە بۆ سەر رۆژئاوا و رێگریكردنە لە بەرفراوانكردنی روبەری شەڕو هەروەها رێگریكردنە لە كوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی، بەڵام توركیا تا ئێستا پابەند نەبوە بە رێككەوتنەكانەوە."

هەروەك فەرماندەی گشتی هەسەدە داوای لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو روسیا كردوە كە گوشاری جدی و كرداریی لەسەر ئەنكەرە دروست بكەن بۆ راگرتنی دەستدرێژییەكانی بۆ سەر رۆژئاوا و گوشارەكانیان بە دەركردنی بەیاننامە نەبێت.

لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا، مەزڵوم كۆبانی داوای لە دیمەشق كردوە كە بەڕەسمی دان بە هێزەكانی سوریای دیموكرات و بەڕێوەبەریی خۆسەر و ئەو سیستمە پەروەردەییەدا بنێت كە لە رۆژئاوای كوردستان هەیە.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەسەدەو دیمەشقدا هەیە لەئێستادا بەشداریی هێزەكانی حكومەتی سوریا بۆ بەرگریكردن لە ناوچەكە دژ بە دەستدرێژییەكانی توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی لەخۆدەگرێت.

بەڵام فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاماژەی بەوەداوە كە دیمەشق دەیەوێت كۆنترۆڵی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بكاتەوەو دۆخەكە بگەڕێتەوە بۆ بەر لە ساڵی 2011، جەختیشی كردەوە، دیمەشق ئەو هێزەی نییە بۆ جێبەجێەكردنی ئەو ویستەی.

مەزڵوم كۆبانی داواشی لە دیمەشق كردوە دان بە مافی كوردو سریانەكاندا بنێت وەك زەمینەخۆشكردنێك بۆ چارەسەریی سیاسی بە گەرەنتی روسیا، ئاماژەی بە بونی بەرەوپێشچونیش داوە لە پەیوەست بە بەشداری پێكردنی نوێنەرانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لە لیژنەی نوسینەوەی دەستوری سوریادا.

لەوبارەیەوە كۆبانی هێمای بۆ ئەوە كردوە كە روسیا كاردەكات بۆ ئەوەی نوێنەرانی ناوچەكە بەتایبەت كورد بەشداریان پێبكرێت لە لیژنەكەدا، هەروەك ئەمریكاو چەند وڵاتێكی ئەوروپی وەك فەرەنساو بەریتانیاش كاردەكەن لەپێناو بەشداری پێكردنی نوێنەرانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لە لیژنەی نوسینەوەی دەستوردا.

جەختیشی كردۆتەوە كە هەسەدە هەر رێككەوتنێك بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافەكانی كوردو سریان و پێكهاتەكانی دیكەی ناوچەكە رەتدەكاتەوە.

فەرماندەی گشتی هەسەدە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكانی دێریك تا دێرەزور لە رۆژهەڵاتی سوریا جێگیر دەبن لەنێویشیاندا قامیشلۆ و حەسەكە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئەركی هێزەكانی ئەمریكا لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا خۆی دەبینێتەوە لە پاراستنی بیرە نەوتەكان، بەردەوامی شەڕی دژ بە داعش، بەشداریكردن لە دۆسیەی ئەو داعشە بیانیانەی لای هەسەدە زیندانن.

بەڵام بەپێی قسەی مەزڵوم كۆبانی، هێزەكانی روسیا لە منبج، كۆبانی و چەند ناوچەیەكی رۆژهەڵاتی قامیشلۆ بەدرێژایی سنور جێگیردەكرێن لەگەڵ بەڕێوەچونی گەڕانی سەربازی هاوبەش لەگەڵ سوپای توركیا لەناوچەكانی رۆژئاوای قامیشلۆ.

وتوشیەتی"ماوەی مانگێكە دۆخەكان دوای بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكاو هاتنەناوەوەی هێزەكانی توركیا گۆڕاون، دۆخی ئێستا ناسەقامگیرو كاتییە، تەواوی هێزەكان دەیانەوێت رۆڵی خۆیان بزانن، گفتوگۆكان لەگەڵ سەرجەم هێزەكان بەردەوامن، ئێمە دیدارمان لەگەڵ دیمەشق و هەریەكە لە مۆسكۆ واشنتۆن هەیە، لەنێوان مۆسكۆ و واشنتۆنیشدا گفتوگۆ هەیە، ئەم دیدارانە بەردەوام دەبن تاوەكو وێنەكە بەتەواوی رون دەبێتەوە."

جەختیشی كردەوە كە نەخشتەی كۆتایی دابەشكردنی ئەو هێزانەی لەئێستادا لە رۆژئاوا بونیان هەیە، لەماوەی چەند هەفتەیەكی كەمی داهاتودا رون دەبێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×