وەزیری كشتوكاڵ: هەر كۆمپانیایەك بەرهەمی قەدەغەكراو هاوردە بكات دەخرێتە لیستی رەشه‌وه‌
  2019-11-14       660       
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڕیاری دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەری دەركرد، لەگەڵ  خستنە لیستی رەشی ئەو كۆمپانیایانەی كە بەرهەمی قەدەغەكراو هاوردە دەكەن.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ پێنج شەممە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ كۆمەڵە و رێكخراو و كۆمپانیاكانی تایبەت بە پەلەوەر و ئالیك كۆبوە و ژماره‌یه‌ك بریاری گرنگی ده‌ركرد. 

لەكۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بەدروستكردنی ئەنجومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر و كۆبونەوەی بەردەوامی دەوری كە هەر دومانگ جارێك كۆببێتەوە و لەكاتی پێویستیش كۆبونەوەكە بكرێت، ئەنجومەكە راستەوخۆ لەلایەن وەزیری كشتوكاڵ سەرپەرشتی دەكرێت، هەروەها بەڕێوەبەرە گشتیە پەیوەندارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، نوێنەری كۆمەڵە و رێكخراو و ئەنجومەنی پەلەوەری و كەسانی ئەكادیمی لەخۆ دەگرێت، ئەمەش بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی پیشەسازی پەلەوەر.

هەر كۆبونەوەكەدا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ بڕیاریدا، هەر كۆمپانیایەك بەرهەمی قەدەغەكراو هاوردە بكات دەخرێتە لیستی رەش، ئەمەش لە پێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.

بڕیاريشدرا كۆبونەوەیەك لەگەڵ پارێزگاكان بكرێت بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی پەلەوەر.

بڕیاردرا بەسنورداركردنی هێلكەی تروكان‌، كە تەنها لەسەر خواست و پێویستی پرۆژەكانی هەڵهێنەر دەبێت
 

لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، بڕیاردرا بەسنورداركردنی هێلكەی تروكان‌، كە تەنها لەسەر خواست و پێویستی پرۆژەكانی هەڵهێنەر دەبێت.

لەپێناو بایەخدان بەبەرهەمی ناوخۆیی و كەمكردنەوەی خەرجی لەسەر خاوەن كارگە ئالیكیەكان، نوسراوێك ئاراستەی وەزارەتی كارەبا بكرێت، بۆ ئەوەی نرخی كارەبایان لەسەر كەمبكرێتەوە

وەزیری كشتوكاڵ بە ئامادەبوانی راگەیاند، لەپێناو بایەخدان بەبەرهەمی ناوخۆیی و كەمكردنەوەی خەرجی لەسەر خاوەن كارگە ئالیكیەكان، نوسراوێك ئاراستەی وەزارەتی كارەبا بكرێت، بۆ ئەوەی نرخی كارەبایان لەسەر كەمبكرێتەوە وەك پرۆژە كشتوكاڵیەكان.

هەرچی تایبەتە بە كەرەنتینەكان، بڕیاردرا كۆبونەوەیەك لەگەڵ بەڕێوەبەری كەرەنتینەكان ئەنجامبدرێت تایبەت بە بڕیارەكانی وەزارەت بۆ رێگری لەو بەرهەمانەی قەدەغەكراون بۆ ناو هەرێم و گرتنەبەری رێكاری یاسایی پێویست.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×