وەزیری سامانە سروشتییەکان: نرخی بەنزین دادەبەزێت‌
  2026-08-16       163       

​لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووتەمەنی و دابەزاندنی نرخی بەنزین، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی فرە ڕەهەندی خستەەڕوو، کە تێیدا ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی بڕێکی زۆر لە بەنزینی بازرگانی دەکرێت و هاوکات بڕی بەنزینی نۆرماڵیش لە بازاڕەکاندا زیاد دەکرێت.

ئاوێنە: ​لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، ڕایگەیاند کە لەم هەفتەیەوە ڕێگە بە هاوردەکردنی بڕێکی زۆر لە بەنزینی بازرگانی (موحەسەن و سوپەر) دەدرێت. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی دروستکردنی کێبڕکێیە لە بازاڕدا بە مەبەستی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزاندنی نرخی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بۆ خزمەتی شۆفێران.

​سەبارەت بە بەنزینی جۆری نۆرماڵ، وەزیر ئاشکرای کرد کە بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆ دابیندەکرێت. هاوکات حکومەتی هەرێمیش 50 هەزار بەرمیلی دیکە بە نرخی پاڵپشتیکراو دەخاتە سەر هێڵی بەرهەمهێنان.

​بەم رێوشوێنە، کۆی گشتیی دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵ لە شارەکانی هەرێم دەگاتە نێوان سێ ملیۆن و 500 هەزار بۆ چوار ملیۆن لیتر لە ڕۆژێکدا. جێگەی باسە، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە ڕۆژی شەممە ڕابردووەوە دەستی پێکردووە و کاریگەری ئەرێنی خێرای لەسەر دابینکردنی سووتەمەنی دروستکردووە.

​سیستەمی چاودێری و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری

​بۆ پاراستنی سامان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکاری و بەفیڕۆدانێک، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هەشت پاڵاوگە و کۆمپانیاکانی گواستنەوە، سیستەمێکی توندی چاودێری پەیڕەو کردووە.

​لەم بارەیەوە، وەزیری سامانە سروشتییەکان جەختیکردەوە کە تەواوی ئەو تانکەرانەی بەنزین دەگوازنەوە، بە سیستەمی جی پی ئێس (GPS) و کامێرای چاودێری بەستراونەتەوە و لە ساتەوەختی دەرچوونیان لە پاڵاوگەوە تا گەیشتنیان بە بەنزینخانەکان، لەژێر چاودێری ورددا دەبن.

​هۆکاری ڕیشەیی قەیرانەکە و ئاڕاستەی داهاتوو

​کەمال محەممەد ڕیشەی کێشەکەی بۆ بۆشاییەکی گەورەی داتایی گەڕاندەوە؛ ئاماژەی بەوە دا کە پشکی ئێستای بەغدا بۆ هەرێم تەنها بەشی ملیۆنێک و 750 هەزار ئۆتۆمبێل دەکات، لە کاتێکدا لە واقیعدا زیاتر لە دوو ملیۆن و 800 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە.

​وەزیری سامانە سروشتییەکان هیواخواست لە داهاتوودا و لە ڕێگەی داتاکانی سەرژمێری نوێوە، پشکی هەرێم بەگوێرەی قەبارەی ڕاستەقینەی پارێزگاکان زیادبکرێت. تا ئەو کاتەی ئەم پرۆسەیە یەکلا دەبێتەوە، حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی دارایی بەنزینی جۆری نۆرماڵ بە مەبەستی سووککردنی باری دارایی هاوڵاتیان.

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی نوێترین هەڵوێستی بەرامبەر بە هەرێم راگەیاند
یەکێتی دەربارەی دەستگیرکردنی نوری گەرمیانی ڕوونکردنەوە دەدات
هونەرمەند تارا رەسول سوپاسی ئەوانە دەکات کە دەنگیان پێداوە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید
بە ناوبژیوانی سێنتکۆم؛ ڕیاز داوای یارمەتیی لە ئیسرائیل کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەکان
بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عێراقچی: هەرێمی کوردستان ڕێز لە سەروەریی دراوسێکانی دەگرێت
قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمەریکا؛ عێراق تا ساڵی ٢٠٢٨ ناتوانێت چەکی گرووپەکان کۆنترۆڵ بکات
بێڵ گەیتس: جیهان بۆ سەردەمی زیرەکیی دەستکرد ئامادە نییە و پێویستمان بە ڕێکخستنی نێودەوڵەتییە
بە نهێنی سەرکردە سەربازییە باڵاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەب لە ئەڵمانیا کۆبوونەتەوە
ڕاپۆرتێکی پنتاگۆن ئاماری زیانەکانی ئەمریکا لە کەنداو ئاشکرا دەکات؛ زیاتر لە ٦٠٠ هێرش کراوەتە سەر بنکەکان لە عێراق
چوار ساڵ بەسەر ڕووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تێدەپەڕێت؛ سبەی بازاڕەکانی ڕۆژهەڵات دادەخرێن
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×