وەزیری دارایی: حکومەتی عێراق پارەی موچەی مانگەکانی ١و ٢و ٣ی ساڵی ٢٠١٨ی ھەرێمی نەناردوە
  2019-11-20       1940       

وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی عێراق ساڵی ٢٠١٨ موچەی سێ مانگی خەرج نەکردوە بۆیە ئەوان ناچار بون بە موچەی مانگی یەک و دو و سێی ئەمساڵی فەرمانبەرانی موچە نەدراوەکانی ساڵی رابردو تەواو بکەن، دەشڵیت ''بەغداد بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێنەکردوە''.

ئاوێنه‌: لە وەڵامی یاداشتێکی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی موچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی هەرێم، لە وەڵامدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم لە نوسراوێکدا رایگەیاندوە، ''حکومەتی عێراقی پارەی موچەی مانگەکانی ١، ٢ و ٣ی ساڵی ٢٠١٨ی ھەرێم نەناردوە''.

وەزیری دارایی باسی لەوەشکردوە، ئەو دواکەوتنەش ھاتوەتە ساڵی ٢٠١٩ و عێراق پابەند نەبوە بەناردنی پارەی سێ مانگەکەی ٢٠١٨.

پێشتر سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق رایگەیاندبو، ''ئەم کابینە نەیتوانی موچەی نەدراوی سێ مانگی ئەمساڵ بداتەوە، تاکۆتایی ساڵ دەتوانێت موچەی مانگی ئەیلول بدات''.

ئاماژەی بەوەشکردبو، ''وەزارەتی دارایی پێشنیاری بۆ ئەنجومەنی وەزیران کردوە موچەی مانگەکانی ١٠، ١١و ١٢و موچەی مانگێکی خانەنشینی بەتەواوی نەدەن و ناوی لێ بنێن پاشەکەت''.

وەزیری دارایی رونیدەکاتەوە، ئەگەر بەغدا هەروەکو بەڵێنیاندابو موچەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨یان خەرجبکردایە، ئەوکات حکومەتی هەرێم موچەی سێ مانگی دوانەدەکەوت.

حکومەتی هەرێم لەمساڵدا تا ئێستا ١٠ موچەی دابەشکردوە، کە سێ موچەیان هی مانگەکانی ١٠ ، ١١ و ١٢ی ساڵی رابردوە، لە ئێستاشدا بەشێک لە وەزارەتەکان موچەی مانگی ئابیان وەرگرتوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×