ئیلهام ئەحمەد لە کۆنگرێس: تورکیا دەستی بە پاکتاویی نەژادیی کردوە
  2019-11-21       1349       

سەرۆکی مەسەدە، داوای دەرکردنی هێزەکانی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوا دەكات و رایدەگەیەنێت: ''تورکیا دەستی بە پاکتاویی نەژادیی کردوە''.

ئاوێنه‌: ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکى دەستەى جێبەجێکاری ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات، لە وتارێکدا کە لەبەردەم ژمارەیەک ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا پێشکەشی کرد؛ داوای کرد ئەو پاکتاوکردنە نەژادییەى ئەنجام دەدرێت لە گرێ سپى و سەرێ کانى لەلایەن تورکیاوە بوەستێندرێت و هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بەو وڵاتە لەناوچانە دەربکرێن کە دەستیان بەسەرداگرتوە.

ئیلهام ئەحمەد وتى :"عەفرین کە پێشتر پڕ بو لە ژنانى ئازا و خۆڕاگر، ئەمڕۆ چەندین گروپى ئیسلامى توندڕەوى تێدایە کە بونەتە هۆى چەندین کێشە بۆ خەڵکانى ئەو ناوچەیە وەک فڕاندن و کوشتن و بە تورک کردنى ناوچەکە، ئەوە راستى ئەو ناوچەیەیە کە تورکیا باسى دەکات و بە "ناوچەى ئارام" ناوى دەبات و بڕواى پێیەتى، لە کاتێکدا دانیشتوانە رەسەنەکەى عەفرین لە دەرەوەى ناوچەکانى خۆیان دەژین و رێگرییان لێدەکرێت لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانى خۆیان".

هەروەک باسى لەو مەترسییە گەورەیە کرد کە لەسەر ژیانى کریستیانەکانى باکوری سوریا کرد ئەوەش  بەهۆى ئەو کۆمەڵکوژییەی تورکیا لەو ناوچەیە دەستیپێکردوە دژى دانیشتوانە رەسەنەکەی.

لە کۆبونەوەکەدا، ڤان هۆلن رایگەیاند: ئەو گروپانەى کە تورکیا پشتیوانییان دەکات زۆرینەى ئەندامانى کۆنگرێس وەک "گروپى تیرۆرستى توندڕەو" دەیان بینن و هەندێکیشیان پەیوەندیان بە رێکخراوى قاعیدەوە هەیە و هەوڵى ئەنجامدانى پاکتاوى نەژادى دەدەن، بۆیە پێویستە ئەمەریکا پێویستە دژى ئەم دەستدرێژییانەى تورکیا بێتە دەنگ.

ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى پیران دڵنیاییداوە لەوەى ئەمەریکا پابەندى بەڵێن و ئەرکەکانى دەبێت بەرامبەر بە گەلى کورد و کاردەکەن بۆ بەدیهێنانى ئەو بەرژەوەندییانەى کە لە سودى کورد و ئەمەریکییەکاندا بێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×