دو زیندانی سیاسی كوردی رۆژهەڵات دوای نزیكەی سێ دەیە لە زیندان ئازادكران
  2019-11-22       1235       

دو زیندانی سیاسی کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نزیک بە سێ دەیە لە بەندیخانە بون، ئازاد کران.

ئاوێنە: رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند،  ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە (٢١ی تشرینی دوەمی ٢٠١٩) عوسمان مستەفاپور، زیندانی سیاسی خەڵکی پیرانشار دوای ٢٨ ساڵ زیندانی و محەمەد نەزەری زیندانی سیاسی خەڵکی "سایین قەڵا" دوای ٢٥ ساڵ زیندانی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ئازاد کران.

پێشتر راگەیەندرابو کە ئەو دو زیندانییە سیاسییە بەر فەرمانی لێبوردنی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئایەتوڵا عەلی خامنەیی کەوتون.

بەپێی رێكخراوی هەنگاو ئەو دو زیندانییە لەماوەی زیندانیكردنیاندا لە مافی مۆڵەت بێبەری بون و تەنانەت مۆڵەتی بەشداریان لە ڕێوڕەسمی پرسەو سەرەخۆشی ئەندامانی خێزانەكانیاندا نەبوە.

عوسمان مستەفاپوور تەمەن ٥٣ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، ڕێکەوتی ١٣ی تەمموزی ١٩٩١ دوای تێکهەڵچونێکی چەکداری نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات و هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەی "تەرگەوەڕ"ی ورمێ بەدیل گیرا.

ناوبراو هەمان ساڵ حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاو ساڵی ٢٠٠٠ حوکمەکەی هەڵوەشایەوەو بۆ ١٠ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە. هە رئەو ساڵە لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی ٢٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و سەرجەم حوکمەکەی بو بە ٣٥ ساڵ بەندکران.

محەمەد نەزەری لەدایکبوی شاری سایین قەڵای پارێزگای ورمێیە کە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٧٣ی هەتاوی لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا. ئەو حوکمە دواتر هەڵوەشایەوە و کەم کرایەوە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×