وەفدی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا رایگەیاند، له‌گه‌ڵ
حكومه‌تی عێراق لەسەر پرسی نەوت گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتن و دوپاتیشی ده‌كاته‌وه،
هه‌مو هه‌وڵێكیان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی شایسته داراییه‌كان و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی
هه‌رێمی كوردستان خستوه‌ته‌گه‌ڕو دەشڵێت، هه‌فته‌ی داهاتو سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌نه‌وه.
ئاوێنە: ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی
هه‌رێمی كوردستان و ئەندامی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا رایگه‌یاند،
له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتن و له گفتوگۆكاندا زۆرترین جه‌ختمان
له‌سه‌ر پارێزگاریكردن له موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌تەوە.
وتیشی، گفتوگۆی بنچینه‌یی له‌باره‌ی زۆر پرسی دیكه‌وه كراوه‌و لێكتێگه‌یشتنی
باشیش له‌مباره‌یه‌وه له نێوان هه‌ردولا هه‌بوه.
هاوكات خالید شوانی، ئه‌ندامی وەفدی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ گفتوگۆ له به‌غدا
وتی، ئێمه تێڕوانینی خۆمان سه‌باره‌ت به یاسای بودجه‌ی ساڵی 2020 به لایه‌نی به‌غدا
راگه‌یاندوه، له به‌رامبه‌ردا ئه‌وانیش وه‌ڵامیان بۆ تێڕوانینه‌كانی ئێمه هه‌بوه.
ئاشكراشیكرد، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌مان سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی نه‌وت، پشكی هه‌رێمی
كوردستان له بودجه‌ی گشتیی عێراق، شایسته داراییه‌كانی كوردستان و بودجه‌ی پێشمه‌رگه
پێشكه‌ش به حكومه‌تی ناوه‌ندی كردوه و لێكنزیكبونه‌وه‌یه‌كی زۆر له نێوانمان هه‌بوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هه‌فته‌ی داهاتو جارێكی دیكه سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌نه‌وه،
به‌و هیوایه‌ی دوایین رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه له نێوان هه‌ردولادا بكرێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه، فوئاد حوسێن، وه‌زیری دارایی عێراق رایگه‌یاند، له
كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی و شایسته داراییه‌كانی
كراوه‌ته‌وه.
وتیشی، له‌سه‌ر پرسی نه‌وت هه‌ردولا گه‌یشتینه رێككه‌وتن، بۆ كۆبونه‌وه‌ی
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ش لێژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه، بۆ ئه‌وه‌ی سیاغه‌ی ره‌شنوسی پرۆژه‌یاسای
بودجه بكات و نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیش له‌و لێژنه‌یەدا دەبن.