عەتا سەراوی تۆماری دەنگی گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی نێوان خۆی و مەلا كرێكار بڵاودەكاتەوە
  2019-12-04       5974       

عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی، تۆماری دەنگی گفتوگۆیەكی نێوان خۆی و مەلا كرێكار، ئەمیری پێشوی ئەنسارولئیسلام بڵاودەكاتەوەو دەشڵێت، كرێكار لەو تۆمارە دەنگییەدا دانی ناوە بەوەدا كە بەرپرس بوە لە تاوانەكانی "كوشتنی خەڵك" لە روداوەكانی خێڵی حەمە، تەپەكوڕە و گردە درۆزنە كە منیش دەمویست لەڕوی یاساییەوە ئەمە بۆ چەند وڵاتێكی ئەوروپی بسەلمێنم.

ئاوێنە: عەتا سەراوی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای ئەوەی هەوڵێك هەبوە بۆ گەڕانەوەی مەلا كرێكار بۆ هەرێمی كوردستان، مەلا كرێكار پەنای بۆ ئەوە برد كە لەڕێگای برازایەكییەوە دوای كرد قسە لەگەڵ من بكات بۆ ئەوەی بێتاوانی خۆی لە پەیوەست بە هەردو رێكخراوی جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلامەوە بسەلمێنێت بەو مەرجەی من گوێی لێ بگرم.

سەراوی وتیشی، برازاكەی ماوەی چەند مانگێك لە ساڵی 2016ەوە تاوەكو ناوەڕاستی 2017 لەگەڵ من بەردەوام بو لە نامەگۆڕینەوە تا من رێگەبدەم لەگەڵ مەلا كرێكار پێكەوە قسە بكەین كە بەپێی قسەی ئامۆزاكە مەلا كرێكار ئامادەیی تیایە بیسەلمێنێت كە بێتاوانە لە پەیوەست بە تاوانەكانی ئەنسارولئیسلام و جوندولئیسلامەوەو لەو تاوانانەی كە ئەوی پێ دادگایی دەكرێت.

وتیشی، دوای بیركردنەوەیەكی ورد، دواتر بە راوێژ لەگەڵ لایەنی سیاسی و ئەمنی و یاساییدا، سەرئەنجام رێككەوتین لەسەر ئەوەی كە پێكەوە بە تەلەفۆن قسەبكەین.

ئەوەشی خستەڕو كە سەرئەنجام لە مانگی پێنجی 2017دا پەیوەندییەكەمان رێكخست و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا وتم، من عەتا سەراوی، وەك هاوڵاتییەكی ئەم وڵاتە قسەت لەگەڵ ئەكەم نەك وەكو پێگە سەربازی و سیاسییەكەم. وتم، تۆ ئاگاداری ئەو نامانەی كەسێك بە ناوی برازایەكی تۆوە بۆی ناردوم. مەلا كرێكار وتی، بەڵێ ئاگادارم.

سەراوی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی"منیش پێم وت، ئایا دەتوانی تۆ بێتاوانی خۆت لەوەی لە خێڵێ حەمە، لە تەپەكوڕە و شنروێ رویداوە بسەلمێنیت؟ تۆ دەتوانیت بێبەریبونی خۆت لە جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلام بسەلمێنیت؟ سەرئەنجام ئەو هەڵدەچێت و دەڵێت؛ قسەی قۆڕ ئەكەی من ئەمیریان بوم. منیش پێم وت كەوایە ئەگەر تۆ ئەمیری ئەوانیت بۆ داوات كردوە قسە لەگەڵ من بكەیت بۆ ئەوەی بێتاوانیت لە كردەوەكانی ئەنسارو جوند بسەلمێنێت."

مەلاكرێكار لەگفتوگۆ تەلەفۆنییەكەدا پاساوی ئەوەی هێناوەتەوە كە لەشەڕدا بوین ئێوە لە ئێمەتان كوشتوەو ئێمەش لە ئێوەمان كوشتوە.

دواتر مەلا كرێكار  لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا دەڵێت، شانازی بە كوشتنی برا و كەسەكانی تۆشەوە دەكەم.

عەتا سەراوی، كە برایەك و چوار ئامۆزای و ژمارەیەكی دیكە لە خزمانی لە شەڕی جوندو ئەنسارولئیسلامدا شەهید بون، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە وتی"سەرئەنجام لە تۆمارە دەنگییەكەدا ئەوەی من ویستم لەڕوی یاساییەوە بۆ وڵاتانی سویدو نەرویج بسەلمێنم كە مەلا كرێكار دانی بە تاوانەكانیدا نا."

سەراوی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا دەقی تۆمارە دەنگییەكەی بڵاوكردەوە.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×