دەمیرتاش رەتیکردوەتەوە ئەردۆغان لێبوردنی بۆ ده‌ربكات
  2019-12-04       2039       

شاندی پارتی کۆماری گەلان ڕایگەیاند، ''لە زیندان سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاشیان کردووە و سەرباری ئەوەی دووچاری نەخۆشی مەترسیدار بووەتەوە، بەڵام رەتیکردوەتەوە لێبوردنی بۆ دەربکرێت لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە''.

ئاوێنه‌: والی ئاغابابا، جێگری سەرۆکی پارتی کۆماری گەلەوە رایگه‌یاندوە، ''دۆخی تەندروستی دەمیرتاش لە زیندان زۆر خراپە، ئەویش بەھۆی ئیدارەی زیندانەکەوە نییە، بەڵکو بەھۆی گوێپێنەدانی وەزارەتی دادی تورکیاوەیە''.

جەختیشیکردووەتەوە، سەرباری ئەو دۆخە تەندروستیە خراپەی کە ھەیەتی، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە داوای لێبوردنی نەخۆشی بۆ دەربچێت بەھۆی نەخۆشیەکەیەوە لە لایەن ئەردۆغانەوە، تەنانەت ئەگەر چارەنووسی مردنیش بێت.

شاندەکە ئاشکرایانکردووە، دەمیرتاش لە ڕۆژی ٢٦ ی تشرینی دووەمی ڕابردوو لە ناو زیندانی ئەدرنە دووچاری نەخۆشی بووە، بەڵام گوێی پێ نەدراوە و تا دوو ڕۆژ لەمەوبەر نەبراوە بۆ نەخۆشخانە.

ئایگول خوشکی سەلاحەدین دەمیرتاش ده‌ڵێت، ''براکەی ماوەی ٢٠ ساڵە نەخۆشە و لەو ماوەیەدا ٢٠ جار زیاتر دووچاری تەنگەنەفەسی بووەتەوە و نەخۆشی دڵی ھەیە، بەڵام لە ماوەی ٣ ساڵی زیندانکردنەکەیدا ٢٠ جاری تر نەخۆشی تەنگەنەفەسیەکەی بۆ ھاتووەتەوە''.

ھۆشداری ئەوەشی دا لە ئێستادا براکەی لەم دەستبەسەری سیاسییەوە دۆخی گۆڕاوە بۆ دژایەتی کردنی مانەوەی لە ژیاندا، بەڵام دەبێت لێپرسراوان بزانن لەسەر ئەو کارەیان لە سزادان ڕزگاریان نابێت.

هاوكات ئه‌مرۆ نەجدەت ئیپێکوز، پەرلەمانتاری هەدەپە  کە سەردانی دەمیرتاشی کردووە لە زیندان رایگەیاند: ''ئامێری پێوەری لێدانی دڵیان بۆ دەمیرتاش بەکارهێناوە و چاوەڕوانی ئەنجامەکان دەکەین، هەروەها وتی دەمیرتاش نەیویستووە کە خەڵکی بەمە بزانن''.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×