ئهمرۆ کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتیی کۆبوونەوەیەک ساز بدات بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتییو ئاماژەکان روەو ئەو ئاڕاستەیەن کە بڕیاری دواخستنی بدرێت، لەبەرامبەردا بڕیارە کادێرو ئەندامانی یەکێتیی و پێشمەرگە دێرینەکان و کەسوکاری شەهیدان و رێکخستنە دێرینەکان و ژنان و لاوان و خوێندکاران؛ گردبوونەوەیەک سازبدەن بۆ دەربڕینی نارەزایی لەدژی ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیەو لەدژی بریاری دواخستنی کۆنگرەی حزبەکەیان.
ئاوێنە: بڕیارە ئهمرۆ؛ پێنج شەممە۲٠۱۹/۱۲/٥؛ کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتیی کۆبوونەوەیەک ساز بدات بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی؛ کە بەگوێرەی بڕیارێکی پێشووتری کۆمیتەی سەرکردایەتیی بڕیار درابوو کۆنگرەی چوارەم لەرۆژی ۲٠۱۹/۱۲/۷ سازبدرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە بەهۆی ناکۆکیی و ململانێی نێوان دوو ئاراستەی سەرەکیی ناو یەکێتی؛ کە یەکەمیان بریتییە لەزۆرینەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسییو بەشێک لەئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتیی، ئاراستەی دووەمیش کە بریتیین لەو کادێرانەی بانگەشە بۆ نوێبوونەوەی یەکێتیی ئەکەن بەنوێبوونەوەی سەرکردایەتییەکەشەوە، پێشبینی ئەوە دەکرێ کە ئەمڕۆ بڕیاری دواخستنی کۆنگرەکە بدرێت.
ئاراستەی یەکەمی ناو یەکێتی پێی وایە؛ لەم ڕەوشەی ئێستادا ئەگەری دەرچوونەوەیان لاوازە، لەچەند رۆژی رابردودا هەوڵێکی زۆریان داوەو گوشاریان کردوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئاراستەی دووەم بگەنە سازانو ڕێکەوتن لەسەر لیستێکی هاوبەش بۆ سەرکردایەتیی، بەو پێیەی ئاراستەی دووەم "زۆرینەی یەکێتییان لەگەڵدا ئەبێت"، بەڵام ئاراستەی نوێبوونەوە هیچ ئامادەییەکیان پیشان نەداوە بۆ سازانو رێکەوتنو پێ لەسەر ئەنجامدانی کۆنگرە دائەگرن بەبێ دواخستنو بەبێ سازانو ڕێکەوتن.
بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە لەکاردانەوەی ئەم هەڵوێستەدا، ئاراستەی یەکەم کار بۆ پەکخستنو دواخستنی کۆنگرە دەکەن. لەم سۆنگەیەوە لەکۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوی مەکتەبی سیاسییدا؛ بڕیاریانداوە کە ئەمڕۆ کۆمیتەی سەرکردایەتیی کۆبێتەوە بۆ بریاردان لەچارەنوسی کۆنگرە.
ئەوەی جێی ئاماژەیە ئاراستەی یەکەم ئومێدێکی گەورەی لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەڵچنیووە، بەتایبەتیی کە بەشێک لەئەندامانی سەرکردایەتیی لەترسی دەرنەچوونەوەیان لەکۆنگرەدا چونەتە پاڵ ئاراستەی یەکەم.
هاوکات لەگەڵ ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی یەکێتیدا؛ بڕیارە گردبوونەوەیەکی فراوانی کادیرو ئەندامانی یەکێتیی و پێشمەرگە دێرینەکان و کەسوکاری شەهیدان و رێکخستنە دێرینەکان و ژنان و لاوان و خوێندکاران ئەنجام بدرێت بۆ دەربڕینی نارەزایی لەدژی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەو لەدژی بریاری دواخستنی کۆنگرەی چواری ئەو حیزبە.