عەتا سەراوی رونكردنەوە لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی خۆی و مەلا كرێكار دەدات
  2019-12-06       5369       

عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی رونكردنەوە لەسەر هۆكاری بڵاوكردنەوەی تۆماری دەنگیی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان خۆی و مەلا كرێكار دەدات كە رۆژی چوارشەممەی رابردو بڵاویكردەوە.

ئاوێنە: عەتا سەراوی رۆژی چوارشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تۆمارێكی دەنگیی گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی نێوان خۆی و مەلا كرێكاری بڵاوكردەوە كە بەقسەی سەراوی، مەلا كرێكار لەو تۆمارە دەنگییەدا دانی ناوە بەوەدا كە بەرپرس بوە لە تاوانەكانی "كوشتنی خەڵك" لە روداوەكانی خێڵی حەمە، تەپەكوڕە و گردە درۆزنەو وتیشی"منیش دەمویست لەڕوی یاساییەوە ئەمە بۆ چەند وڵاتێكی ئەوروپی بسەلمێنم."

سەراوی ئەمڕۆ هەینی، لە رونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ ئاوێنە نێردراوە، رایگەیاندوە، ئەو پەیوەندییە دوای چەندین نامەی برازایەكی مەلا كرێكار لەسەر داوای مامی هاتبو دوای ئەوەی زانیبوی هیچ لایەن و كەسێك ناتوانێت گەرەنتی سەلامەتی هێنانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان بكات تا دڵنیایی لە ئێمە وەرنەگرێت.

رونكردنەوەكەی سەراوی كە لە نۆ خاڵ پێكهاتوە، تێیدا ئەوە خراوەتەڕو كە ئامانجی مەلا كرێكار لە پەیوەندییەكە ئەوە بوە "بڵێ لەکوردستان ھیچ کێشەیەکی سیاسی و یاسایی نییەو ئەوەش لەدادگای نەرویجی بەڵگەیەک بێ بۆ بەرائەتی."

ئەوەشی خستۆتەڕو كە مەلا كرێكار "دڵنیابو لەوەی نە تورکیاو نە ئێران ناتوانن لە کوردستان بیپارێزن و نە ئەو حیزبانەی سەردانیان کردو نە ئەو ھێزەی ئەو کەسانەی ناردە لای، ئازایی ڕوبەڕوبونەوەی کەسوکاری زیاتر لە ٣٠٠ شەھیدی دەستی ھەردو تاقمی جندو ئەنسارولئیسلامیان نییە."

جەختیشی كردۆتەوە، بۆیە بەپێی "رێنمایی دەڵاڵەكانی لەناچاری پەنای بۆ ئێمە هێنا" بەو ئامانجەی بتوانێت "بەرائەتی خۆی بسەلمێنێت."

سەراوی باسی لەوەش كردوە كە ئەو لایەنانەی باسیكردون "لە هەولێر و هەڵەبجە لە هەوڵی سوڵحی عەشایەریدا بون" بۆ مەلا كرێكار چونكە لەمانگی نۆ و دەی ئەمساڵ دادگاییكردنی هەبو.

وتوشیەتی"دەبو ئێمە دوای دادگاییكردنی ئەم بەڵگەیە بڵاوبكەینەوە. ئیمە دوای دادگاییکردنی ئیتر پێویستمان بەھێشتنەوەی ئەم بەڵگانە نەما بەنھێنی."

لەكۆتاییشدا وتویەت"حەڤدەهەمین ساڵڕۆژی یادی شەھیدەکانمان بو، بۆیە بەباشمان زانی ئیتر کاتی گونجاوە ئەو بەڵگانە بڵاوبکەینەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×