پەرلەمانی عێراق کۆبونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی روداوەکانی شەوی رابردوی بەغداد ئەنجامدەدات
  2019-12-07       416       

لیژنەی ئاسایش و بەرگری عێراق رایگەیاند، سبەی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی روداوەکانی دوێنێ شەوی رابردوی خۆپیشاندەران  ئەنجامدەدات.

ئاوێنه‌: حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆبونەوەکەوە رایگەیاند، ''پێویستە فەرماندە سەربازییەکان بەرپرسیاریەتی پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران کە ئەستۆ بگرن و رێوشوێنی نوێ بۆ پاراستنی مانگرتوان بگرنەبەر''.

سەبارەت بە رۆڵی پەرلەمانیش لە روداوەکانی چەند رۆژی رابردود کەعبی رونیکردەوە، ''پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوە لە هەمو ئەو لایەن و کەسایەتیانە دەکات، کە دەربکەوێت پەیوەندیدارن بە کوشتنی خۆپیشاندەرانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمان لەگەڵ فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا و بەشێک لە پارێزگاکاندا کۆدەبێتەوە''.

لە هەنگاوێکیشدا بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران ئەمڕۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە روداوەکەی شەوی رابردوی بەغدای پەیتەخت دەکەن، کە دەستڕێژی گولـلە لە خۆپیشاندەران کرا و بەهۆیەوە ژمارەیک خۆپیشاندەر کوژران. دەشڵێت، لەمەودوا پەرژینی ئەمنی لە چواردەوری خۆپیشاندەران دروستدەکەن.

شەوی رابردو لە شاری بەغداد و لە مەیدانی ئەلخەلانی نزیك پردی سنك دەستڕێژی گوللـە لە خۆپیشاندەران كراو لە ئەنجامیشدا لانیكەم ١٩ خۆپیشاندەر كوژراون و ٧٠ی دیکەش برینداربون.

لە ٢٥ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامن، تا ئێستاش بەهۆی گوللـەی هێزە ئەمنییەکان و گروپە نەناسراوەکانەوە نزیکەی ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×