رەشنوسی رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتی
  2019-02-12       1272       

لەرەشنوسی وەرەقەی رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتی جەخت لەسەر شەراكەتی راستەقینەكراوەتەوە‌و چاوەروانیش دەكرێت مەكتەبی سیاسی هەردو حزبەكە واژۆ لەسەر رێككەوتنەكەی نێوانیان بكەن، لەرەشنوسەكەدا ئاماژەبەوەكراوە كە هێزی پێشمەرگە‌و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ رێكبخرێنەوە بە شێوەیەك ببێتە هۆی یەكگرتنەوەیان.


ئاوێنە: لەژمارەی ئەمرۆی رۆژنامەی زەمەن رەشنوسی وەرەقەی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموركاتی كوردستان بڵاوكراوەتەوە كە تێدا هاتوە "رەشنوسی رێككەوتنەكە پێكهاتوە لە 18 خاڵ و چەند بڕگەیەك و تیایدا جەختكراوەتەوە لەسەر چۆنیەتی رێكخستنی كارەكانیان لە حكومەت و پەرلەمان و فراكسیۆنەكانیان و سامانی سروشتی و دارایی و پەیوەندییەكانی دەرەوەو پرسی دەستورو یاساكان".


لەرەشنوسەكەدا هاتوە  "سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەماهەنگو یەكهەڵوێست دەبن لە پەرلەمان و ئەوەش رەنگدانەوەی دەبێت بۆ كاری پەرلەمانی لەنێوان هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی و هەردوولا كۆكن كە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ لایەنی سێیەمی پێكهاتەكان دەبێت و بە راوێژو هەماهەنگی دەستنیشان بكرێت".


بەهێزكردنی دامەزراوە دەستورییەكانی هەرێم و شەراكەتی راستەقینە، بۆ ئەوەش هەردو حیزب لە رێگەی حكومەتەوە هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ بۆ دوبارە رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، بەشێوەیەك ببێتە مایەی یەكگرتنەوەی تەواوەتیان.


سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەماهەنگو یەكهەڵوێست دەبن لە پەرلەمان و ئەوەش رەنگدانەوەی دەبێت بۆ كاری پەرلەمانی لەنێوان هەردو فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی و هەردولا كۆكن كە جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ لایەنی سێیەمی پێكهاتەكان دەبێت و بە راوێژو هەماهەنگی دەستنیشان بكرێت، 


فەرمانگەی پەیوەندییەكان و نوێنەرایەتی دەرەوەو شاندو مەراسیم و بۆنە پرۆتۆكۆڵییەكان هاوسەنگی و بەشداری لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت پارێزراو دەبێت و لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، رێكخستنەوەی یاسایی بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم دەكرێت بەشێوەیەك وەزیری هەرێم بۆ ئەو بابەتە دیاری دەكرێت.


هەردولا رێكدەكەون كە لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەستوری هەرێمی كوردستان تەواوبكرێت و خواستە جیاوازەكان لەسەر سیستمی سیاسی لە رێگەی دەستورەوە چارەسەر بكرێت.


رێككەوتنی هەردوو لایەن دوور لە كێبڕكێی سیاسی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك و كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكە وەك دەستپێشخەرییەك بۆ خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق لە ساڵی (2019)دا.


پارتی و یەكێتی كۆكن كە دامەزراوە یاساییە پەیوەندیدارەكانی هەرێم بە شەفافی سامانی ژێر زەوی و نەوت و گاز بخەنە خزمەتی خەڵكی كوردستان”و “لە رووی دارایی و داهات و خەرجییە گشتییەكانی هەرێم پێویستیان بە رێكخستنەوەیە” و “هاوهەڵوێستن لەسەر ئەوەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم گرنگی بدات بە رەخساندنی هەلی كار”.


پابەندبوونی هەردولا بەو رێككەوتنە بەهەموو خاڵەكانییەوەو پاڵپشتی حوكمڕانی سەرتاسەری كوردستان، بە ئەركی هاوبەشی هەردوولایەن دانراوە، بۆ پێكەوە بوون و بەردەوامبوونی شەراكەتی راستەقینە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×