شاسوار عەبدولواحید وەڵامی "بانگەشەكان"ی سەرۆكی حكومەت دەربارەی "دەستكەوتەكان"ی كابینەكەی دەداتەوە
  2019-12-09       1634       

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نوێ وەڵامی "بانگەشە"كانی سەرۆكی حكومەت سەبارەت بە "دەستكەوتەكان"ی 100 رۆژی كاركردنی كابینەی حكومەتەكەی دەداتەوەو دەڵێت؛ پێوەر بۆ باشی و خراپی حكومەتێك لەهەمو دنیادا خزمەتگوزارییەو وەڵامی هاوڵاتیانە نەك قسەی بەردەم شاشەكان.

ئاوێنە: دوێنێ(شەممە)، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا باسی لە 100 رۆژی یەكەمی كاركردنی كابینەی حكومەتەكەی كردبو كە تێیدا بە قسەی خۆی "دەستكەوتەكان"ی ئەو ماوەیەی خستۆتەڕو.

شاسوار عەبدولواحید، ئەمشەو(یەكشەممە)، لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا وەڵامی ئەو پەیامەی سەرۆكی حكومەتی دایەوە كە بە "بانگەشە" ناوی بردوە.

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتویەتی"ئێمە وەك جوڵانەوەی نەوەی نوێ و وەك هێزێكی ئۆپۆسیۆن بە پێویستمان زانی وەڵامی ئەو بانگەشانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدەینەوە كە گوایە لە 100 رۆژی یەكەمی دەستبەكاربونیاندا خزمەتی هاوڵاتیانیان كردوە یاخود ژیانی خەڵكیان گۆڕیوە."

سەبارەت بەوەی لەپەیامەكەیدا سەرۆكی حكومەت باسی لە زیادكردنی داهاتی ناوخۆی كردوە. شاسوار عەبدولواحید وتویەتی"ئایا ئەگەر باج لەسەر هاوڵاتیان زیاد بكەیت ئایا ئەگەر پێوەری زیرەك دابنێیت بۆ ئاو، هەوا بخوێنیتەوە بە ئاوو پارەكەی لە هاوڵاتیان وەربگریت، ئایا ئەگەر پارەی كارەبا زیاد بكەیت، ئایا ئەگەر پارەی خاڵە گومرگییەكان زیاد بكەیت و ئەو پارەیە بچێتەوە سەر شتومەك و كاڵاكان و بازرگانەكان لەهاوڵاتیانی بسەننەوە، ئایا ئەمە دەستكەوتە؟ یاخود ئەمە بارگرانییەكی زۆرە بۆسەر هاوڵاتیان؟"

كەمكردنەویە رۆتین بەشێك بو لە پەیامەكەی سەرۆكی حكومەت. شاسوار عەبدولواحید لەو بارەیەوە چەند نمونەیەكی هێناوەوتەوەو لە یەكێكیاندا وتویەتی"دیارە بەڕێزیان نازانن كە لە ئێستادا بۆ نمونە پارێزگار ئەگەر بیەوێت نوسراوێك بنێرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەبێت بینێرێت بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دواتر بۆ دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران."

خاڵێكی دیكەی نێو پەیامەكەی سەرۆكی حكومەت ئەوەیە كە لەڕێگەی دابینكردنی گازەوە توانراوە كارەبا باش بكرێت. شاسوار لەوبارەیەوە وتویەتی"تەنها لەمانگی 11دا كە وەك نمونە بیهێنینەوە ئەوا تێكڕای پێدانی كارەبا 13 سەعات بوە، چونكە لەهەمو مانگەكەدا 390 سەعات كارەبا دراوە بە هاوڵاتیان. ئایا ئەگەر تۆ رۆژانە 11 سەعات كارەبا نەدەیت بە هاوڵاتیان، ئەوە دەستكەوتە یاخود شكستە؟"

سەبارەت بەو خاڵەی كە لەپەیامەكەی سەرۆكی حكومەتدا هاتوەو باس لەوە دەكات كە لەئێستادا نەوتی كەركوك لەگەڵ هەرێم بەهاوبەشی هەناردە دەكرێت. سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتویەتی"ئایا ئەگەر نەوتی كەركوك بەهاوبەشی هەناردە دەكرێت، ئەی پارەكەی كواو داهاتەكەی بۆ كێیە؟ تا ئێستا هاوڵاتیان سێ موچەی ئەمساڵیان وەرنەگرتوە. بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە كە ئەوە چ سودێكی تێدایە بۆ هاوڵاتیان."

هەروەها سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تیشكی خستۆتە سەر ئەو خاڵەی كە باس لە دابینكردنی بودجە بۆ رێگاوبانەكان دەكات و وتویەتی"رەنگە زۆر كەس باوەڕنەكات؛ دەزانن ژمارەی ئەو كیلۆمەترانەی رێگاوبانی تازە كە دروستكراوە لەم كابینە نوێیەدا چەندە؟ سفر."

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەبارەت بە وەبەرهێنان وتویەتی"دیارە كە نازانن ساڵی 2019 لە شارێكی وەكو سلێمانی تەنها 13 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە، لەكاتێكدا كە ساڵی تر هەبوە 40 بۆ 50 مۆڵەت دراوە. لەهەولێرو دهۆكیش بەهەمان شێوە رێژەی وەبەرهێنان كەمبۆتەوە."

شاسوار عەبدولواحید، گومانی هەیە لەوەی كە هەنگاوی باش لە پڕۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا نرابێت و رێگری لە "مەكتەب سیاسییەكی حزبێكی دەسەڵاتدار لە یەكێك لە بازگەكان بۆ چونە ناو شاری هەولێر" لەسەردەمی ئەم كابینەیەی حكومەتدا، بە بەڵگەی بەردەوامی "دو ئیدارەیی و دو هێزی پێشمەرگە" ناو دەباتگ.

سەبارەت بە ئازادی رۆژنامەگەریش لەسەردەمی ئەم كابینەیەدا شاسوار عەبدولواحید وتویەتی"تەنها لەسەردەمی ئەم كابینەیەدا چەندین رۆژنامەنوس خراونەتە زیندانەوەو كار بە یاسای رۆژنامەنوسی ناكرێت. ئایا ئەمە شكستە یاخود دەستكەوتە؟"

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رەخنەی لەوەش گرتوە كە چەند خاڵێكی گرنگ لە پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتدا بەهیچ شێوەیەك باس نەكراون لەوانە دابەشنەكردنی نەوتی سپییە بەسەر ماڵاندا بەم وەرزی زستانەو هەروەها زیادبونی بۆردومانی خاڵە سنورییەكان و باس نەكردنی چۆنیەتی دانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی موچەخۆران.

 لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا شاسوار عەبدولواحید باسی لەو كارانە كردوە كە ئەگەر حكومەت بەدەستان ئەمان بونایە، ئەنجامیان دەدان لەوانەی ئاشكراكردنی داهات و خەرجییەكان و ناردنی بودجە بو بۆ پەرلەمان و چاكسازی لە سیتسمی پەروەردەو خوێندنی باڵاو دروستكردنی دەیان پڕۆژەی نیشتەجێبون بۆ هاوڵاتیانی كەمدەرامەت و چەند خاڵێكی دیكەش.

لەكۆتاییشدا وتویەتی"قسه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران هیچ به‌هایه‌كی نییه‌ كاتێك له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع گۆڕانكاری نه‌بینرێت و گیرفانی هاوڵاتییان و خزمه‌تگوزاری وه‌ك پێشوتر خراپ بێت. پێوەر، بۆ باشی و خراپی حكومەتێك لەهەمو دنیادا خزمەتگوزارییەو وەڵامی هاوڵاتیانە نەك قسەی بەردەم شاشەكان."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×