مستەفا بالی: لەگەڵ هیچ لایەنێک گفتوگۆ لەبارەی دەروازەی سێمالکا نەکراوە
  2019-12-10       1500       

بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ سووریا، رووسیا، ئەمریکا و تورکیا لەبارەی ئەو دەروازەی سنووریی سێمالکا نەکراوە و وتیشی: "لە ساڵی 2012ەوە تاوەکو ئێستا لە خاکی رۆژئاوای کوردستان شەڕ رانەوەستاوە".
 
ئاوێنه‌: مستەفا بالی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات  بۆ رادیۆی رووداو وتی: "لە ساڵی 2012ـەوە تاوەکو ئێستا شەڕ نەوەستاوە، تەنیا شێوازی هێرش و شەڕکردن گۆڕاوە. بەڵام لە شەش ساڵی رابردوودا هەر هێرشێک کرابێتە سەر رۆژئاوای کوردستان دەستێکی تورکیای لەگەڵدابووە، بەڵام هێرشەکان لەلایەن گرووپی جیاجیاوە ئەنجامدراون، جارێک بەناوی جەبهەتولنوسرە، جارێک داعش و جارێکی دیکەش سوپای ئازادی سووریا، کۆتا جاریش تورکیا بە ناوی فەرمی خۆی هێرشیکرد، بەڵام لە 17ی مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا بە سەرپەرشتی رووسیا ئاگربەستێک راگەیێندرا، بەڵام لەدوای ئەو ئاگربەستەوە تاوەکو ئێستا تورکیا زیاتر لە 200 هێرشی ئەنجامداوە".
 
لەبارەی دەروازەی سنووری سێمالکا (پیشابوور)یشەوە مستەفا بالی وتی: "هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ سووریا، رووسیا، ئەمریکا و تورکیا لەبارەی ئەو دەروازە سنوورییەوە نەکراوە و ئەوەی تاوەکو ئێستا لەبارەیەوە بڵاوکراوەتەوە شتێکی نامۆیە و پێم سەیرە جارجار دەکرێتە رۆژەڤ".
 
لەبارەی سنووری رۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان، وتی، تورکیا بەردەوام دووپاتیدەکاتەوە کە بەهۆی بوونی کورد و هەسەدەوە لەسەر سنووری وڵاتەکەی، مەترسی لەسەر ئەمنییەتی وڵاتەکەی هەیە، بۆیە ئێمە رازیبووین کە سوپای حکومەتی سووریا لەوناوە بڵاوەی پێبکرێت.
 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×