ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١٢/١١ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران کۆبووەوە.
ئاوێّنه: لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەربارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشین، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان کرا، کە بەشێکە لە بەرنامەی گشتگیریی چاکسازیی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم.
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا، چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە هەنگاوەکانی داهاتوودا گشت کەرتەکان دەگرێتەوە. وتیشی: لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بەڵێنمان دابوو ئەم پڕۆژە یاسایە بنێرین بۆ پەرلەمان. ئەمەش پرۆژەی هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکوومەتە و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و دادپەرەوەرییە و بە دڵنیاییشەوە خەڵکی شایستە، مافەکانیان پارێزراو دەبێت.
دوای گفتوگۆکردنێکی چڕ و بەرفراون لە سەر یەك بە یەکی بڕگەکانی پڕۆژە یاساکە و دوای جێگیرکردنی چەندین گۆڕانکاریی، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمانی کوردستان.