ئەردۆغان هەڕەشەی داخستنی بنكەی ئاسمانی ئینجەرلیك دەكات
  2019-12-15       1102       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند، وەڵامیان بۆ هەر سزایەك دەبێت كە ئەمریكا بەسەر ئەنكەرەدا بیسەپێنێت و لەو چوارچێوەیەشدا هەڕەشەی داخستنی بنكەی ئاسمانی ئیجەرلیك-ی كرد كە لەلایەن ئەمریكاوە بەكاردەهێنرێت.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "خەبەر ئەی" توركی، رایگەیاند، گرنگە كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا چەند بڕیارێك سەبارەت بە پەیوەندییەكانمان نەدات كە نەتوانرێت چارەسەر بكرێن. بێگومان توركیا وەڵامی هەر سزایەكی ئەمریكا دەداتەوە.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا كە وڵاتەكەی بنكەی ئاسمانی ئینجەرلیك كە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە بەكاردەهێنرێت دادەخات ئەگەر پێی وا بێت ئەوە هەنگاوێكی پێویستە و هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد كە دەكرێت هەمان رێكاریش سەبارەت بە بنكەی كورەجیك بگرنە بەر كە لەلایەن ناتۆوە بەركاردەهێنرێت.

هەروەها سەرۆك كۆماری توركیا بڕیارەكەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكای سەبارەت بە داننان بە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا لەلایەن توركیاوە بە "هەنگاوێكی سیاسی روت" ناوبرد كە "هیچ قورساییەكی نییە."

رۆژی چوارشەممەی رابردوش وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاندبو، ئەگەر لە ئەمریکا بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا بدرێت، ئەوا پرسی داخستنی بنكەی ئاسمانی ئینجەرلیک و کورەجیک دێتەگۆڕێ. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×