وڵاتی چین بەرێژەیەکی زیاتر لەساڵانی پێشو نەوتی کوردستان دەکڕێت، لەبەرئەوەی نرخی هەرزانەو پاڵاوتنیشی بەهۆی بەرزی کوالێتییەوە زۆری تێناچێت.
ئاوێنە: بەپێی هەواڵی مهر-ی ئێرانی، بازرگانانی چینی کە لەسەرتاسەری جیهاندا بەدوای نەوتی هەرزاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی تێچوی پاڵاوتنیان لەسەر نەکەوێ، بەرێژەیەکی زیاتر نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن.
مهر ئاماژە بەوە دەکات ٦ بازرگانی چالاک لەنەوتی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست-دا رایانگەیاند نەوتی کوردستان بەشێوەیەکی نهێنی کڕینو فرۆشی پێوە دەکرێت، لەبەرئەوەی کڕیاران لەتوڕەبونی دەوڵەتی ناوەندی عێراق نیگەرانن.
چوار بازرگانی چینی لەدو مانگی رابردودا چەند کەشتی لەنەوتی هەرێمی کوردستانیان کڕیوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە لەساڵی ٢٠١٨دا هیچ نەوتیان لەکوردستان نەکڕیوە.