2019-12-20   1458     
ئا: لوقمان غه‌فوور
ئه‌ندۆنیسیا رۆژی 19ی دیسێمبه‌ر رایگه‌یاند كه یه‌كێكی تره له‌و وڵاتانه‌ی ئاسیا كه دوو مانگه رووبه‌رووی نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزای به‌رازی ئه‌فریكی بۆته‌وه، كه نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌یه و تووشی ئاژه‌ڵی به‌راز ده‌بێت.
ئه‌م ڤایرۆسه نوێیه بۆته هۆی وێرانكردنی كێڵگه ئاژه‌ڵییه‌كانی ناوچه‌كه، دوێنی 18ی دیسێمبه‌ر وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی ئه‌ندۆنیسیا رایگه‌یاند كه 30 هه‌زار به‌راز له باكوری سومه‌تره مرداربوونه‌ته‌وه.
به‌پێی ئاژانسی بی بی سی پێده‌چێت تا دوو هه‌فته‌ی تر وڵاتی چین رایگه‌یه‌نێت كه نیوه‌ی به‌رازی وڵاته‌كه‌ی مرداربۆته‌وه له ساڵی 2019دا و زیانێكی كوشنده‌ی به‌ئابوری خۆراكی چین گه‌یاندووه.
هه‌روه‌ها زه نیویۆرك تایمز-یش نوسیویه‌تی:"چین گه‌وره‌ترین زیانی به‌رده‌كه‌وێت، به‌پێی رابوبانك به‌رهه‌مهێنانی گۆشتی به‌راز له ڤێتنام بۆ ساڵی ئاینده 21% كه‌مده‌كات، له فلیپین 13%، به‌ڵام له چین 55%، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه نرخی گۆشتی به‌راز به رێژه‌ی 5% زیاد بكات له چین".
له درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌ی نیویۆرك تایمز-دا هاتووه كه هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه هاورده‌كردنی گۆشتی به‌راز له ئه‌مریكاوه بۆ چین بووه به دوو هێندی له‌م هه‌فته‌یه‌دا و نرخی گۆشتی مانگا و مریشك-یش له چین به‌رزبۆته‌وه.
به‌پێی راپۆرتێكی بانكوك پۆست، ئه‌مریكا به‌نیازه به‌رێژه‌ی 4% به‌رهه‌مهێنانی گۆشتی به‌راز زیاد بكات كه ده‌كاته 12 ملیۆن تۆن له ساڵه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانه‌ی له به‌رهه‌مهێنانی چین كه‌وتووه.
تۆمی وۆو پسپۆری ئابوری له زانكۆی ئۆكسفۆرد بۆ ئابوری به رۆژنامه‌ی هێل-ی راگه‌یاندووه، ده‌شێت له ساڵی داهاتوودا نرخی گۆشتی به‌راز له چین ببێت به دوو هێنده.
ئوسترالیا یه‌كێكی تره له‌و وڵاتانه‌ی كه ترسی لێنیشتووه ئه‌گه‌ر ڤایرۆسه‌كه رووبكاته وڵاته‌كه‌ی سامانی ئاژه‌ڵ زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ره‌كه‌وێت، هه‌رچه‌نده وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی وڵاته‌كه رایگه‌یاندوه به‌هاوكاری تیمی ئه‌مریكی توانیویانه ریوشوێنی پێویست بگرنه‌به‌ر به‌رامبه‌ر نه‌خۆشییه‌كه و هیچ سمپلێكیش تۆمارنه‌كراوه.
به‌پێی ئاژانسی ئه‌ی بی سی نیوز-ی ئوسترالی، ئه‌م ترسه‌ی ئوسترالیا له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه هه‌فتانه 188 گه‌شتی ئاسمانی له ئه‌ندۆنیسیا وه ده‌كرێت بۆ ئوسترالیا، هه‌ربۆیه حكومه‌تی فیدرالی رایگه‌یاند كه 66 ملیۆن دۆلار-ی خستۆته سه‌ر بودجه‌ی ئاسایشی سنووری ئوسترالیا و 130 ئه‌فسه‌ری تری دامه‌زراندووه تا پشكنینی وردتر بكرێت.
وێرای ئه‌وه‌ی كه نه‌خۆشییه‌كه زیانی نییه بۆ مرۆڤ و ته‌نیا ئه‌بێته هۆی گوشتنی به‌راز. هه‌ربۆیه به‌پێی رێكخراوی ته‌ندروستی ئاژه‌ڵ (OIE) وا بڕوات 90%ی به‌رازی ئاسیا و به‌تایبه‌تی چین كۆتایی پێدێت.
له‌ماوه‌ی چەند مانگی رابردوودا نه‌خۆشییه‌كه له 11 ده‌وڵه‌تی ئاسیا به خێرایی ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند، ئه‌وانیش: چین و مه‌نگۆلیا و كه‌مبۆدیا و كۆریای باكور و باشور و ڤێتنام و میانمار و فلیپین و ته‌یموری خۆرهه‌ڵات و لاوس و ئه‌ندۆنیسیا.