هێزێکی زۆری سوپا و پۆلیسی فیدرال لە کەربەلا بڵاوەپێکران
  2020-01-14       489       
به‌هۆی ئەو گرژییانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری کەربەلا باشووری عێراق روویاندابوو، هێزێکی زۆری سوپا و پۆلیسی فیدرال لە شارەکە بڵاویان پێکراوە.

ئاوێنه‌: وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە کە ئامانج لە بڵاوپێکردنی هێزەکانی سوپا و پولیسی فیدرال لە شاری کەربەلا بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری-یە، هەورەها بۆ پاراستنی دامەزراوە گشتی و تایبەتییەکانی شارەکەیە، ویڕای رێگرییکردن لەو کەسانەی کە هەوڵدەدەن زیان بە ئاسایشی هاووڵاتییان بگەیەنن.

لەمیانی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی کەربەلادا، رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا روویدا ئەوەیش دوای ئەوەی بارەگای رێکخراوی بەدر سەربە حەشدی شەعبی لە کەربەلا لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێنرا.

لە لایەکی دیکەوە لە شاری بەسرە باشووری عێراق، شەش خۆپیشاندەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و دواتر ئازادکران.

لەوبارەوە چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی بەسرە، هەیسەم قەتڕونی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان لەمیانی هەوڵەکانیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی بەردەم زانکۆی بەسرە، شەس خۆپیشاندەرانیان دەستگیرکرد.

ناوبراو ئاماژەی بەوەیشکرد کە بەهۆی فشاری خۆپیشاندەەرانەوە، ئەو شەش خۆپیشاندەرە ئازادکران.

هەر لەوبارەوە سەرکردەی هاوپەیمانی وەتەنییە، ئەیاد عەللاوی لە تویتێکدا داوای لە خۆپیشاندەران کرد کە پارێزگاری لە خۆپیشاندانە ئاشتییەکانیان بکەن رێگە بە کەسانی تێکدەر  نەدەن رێرەوەی خۆپیشاندانەکان بە ئاراستەیەکی دیکەدا بەرن.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانه‌وه‌ لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له‌ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، ٥٠٢ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزار كه‌سی دیکە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×