کۆسرەت رەسول پەیامێکی بڵاوکردەوە
  2020-01-14       1041       
كۆسرەت ڕەسول عەلی جەخت لەسەر پەرەپێدانی گفتوگۆی نێوان لایەنەكان دەكاتەوەو داواش دەكات كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و عێراقیش نەكرێتە گۆڕەپانی ململانێكان.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ ١٤-١-٢٠٢٠، كۆسرەت رەسول عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەشاری سلێمانی، پێشوازیكرد لە ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق.

‎بەگوێرەی راگەیاندراوێكی نوسینگەی تایبەتی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی، لە دیدارەكدا كە حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئامادەیبوو، گفتوگۆ كرا لەبارەی دۆخی عێراق و ناوچەكەو پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

‎لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەداو پەیوەست بە كێشەو ململانێكان، كۆسرەت ڕەسول جەختی لە پەرەپێدانی گفتوگۆی نێوان لایەنەكان كردەوەو هیوای خواست كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و عێراق نەكرێتە گۆڕەپانی ململانێكان.

‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و باڵیۆزی ئێران لە عێراق بەوردی باسیان لە ئایندەی عێراق و چۆنیەتی چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان كردەوەو دووپاتیان كردەوە كە پێویستە هەماهەنگی تەواو هەبێ لەنێوان لایەنەكان.

‎پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران تەوەرێكی تری گفتوگۆكان بوو، كۆسرەت ڕەسول وێڕای جەخت كردنەوە لە پەیوەندییەكان و پەرەپێدانی سوپاسی ئێران و سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد كە لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هاوكاری كوردیان كردووە.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×