شادی نەوزاد: من خۆم وازم لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ هێناوە
  2020-01-16       2216       

پەرلەمانتار شادی نەوزاد دەڵێت، من خۆم وازم لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ هێناوە نەك بەپێچەوانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی سیاسی نەوەی نوێ رایگەیاند، لەسەر دەنگدانی بە پڕۆژە یاسای چاكسازی، ناوبراویان لە فراكسیۆنەكەیان دەركردوە.

ئاوێنە: شادی نەوزاد، ئێوارەی ئەمڕۆ لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"من وەك پەرلەمانتارێك کە سوێندم خواردوە بەرژەوەندی خەڵك بکەمە سەروی بەرژەوەندی حیزبەوە، کاتێك بینیم شاسوار خەریکە مامەڵە بە فراکسیۆنەکەمانەوە ئەکات و خەریکە لە پشتەوەی ئێمە رێکەوتنی نھێنی بکات و شکۆ و بڕیاری ئێمە بگۆڕێتەوە بۆ خاتری دەستبەسەراگرتنی ٥٢ ملیۆن دۆلارەکە، ئیتر بڕیاری کۆتاییم دا و بە فەرمی نامەی وازھێنانم لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ تەسلیمی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. بۆیە من خۆم وازم لە فراکسیۆنی شاسواری قاچاخچی ھێناوە نەك بە پێچەوانەوە."

ئەوەشی وتوە"دوای ھاتنە پێشەوەی پرۆژە یاسای چاکسازی، ئێمە بە ھاوکاری چەند پەرلەمانتارێکی دڵسۆز زۆر کارمانکرد کە ئەو کۆمپانیا چاوچنۆکانەی کە شاسوار یەکێکە لەوان، پێکەوە ھەزار ملیۆن دۆلاری حکومەتیان لایە و حکومەتیش چاوپۆشییان لێئەکا و لێیان وەرناگرێتەوە، ناچار بکرێن ئەو پارەیە بگێڕنەوە بۆ حکومەت و حکومەتیش بیدات بە کەمئەندامان و کەسوکاری شەھیدان و موچە کەمەکان بەرزبکاتەوە، بۆیە شاسوار کە ٥٢ ملیۆن دۆلاری حکومەتی لایە و بە سەفەقات و رێکەوتنی نھێنی و پشت پەردە نەیداوەتەوە حکومەت، شێت و ھاربوە."

شادی نەوزاد لەگەڵ رونكردنەوەكەیدا ئەم نوسراوەشی بڵاوكردۆتەوە كە رۆژی 15ی ئەم مانگە ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی كردوەو تێیدا رایگەیاندوە، "هیچ پەیوەندییەكی بە فراكسیۆنی نەوەی نوێوە نەماوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×