پارتی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی په‌رله‌مانی‌ كوردستان كۆنتڕڵ ده‌كات
  2019-02-26       2306       
دانیشتنی‌ ئه‌مرۆی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان


دوای‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لیژنه‌ی‌ یاسایی په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش كۆنتڕڵ ده‌كات‌و نوسه‌رێكیش ده‌ڵێت، "پارتی بەئاسانی ئەتوانێ هەمو جارێك بەزۆرینە چی ویستت تێپەڕێنێت".


ئاوێنه‌: له‌دانیشتنی‌ ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا، لیژنه‌ی‌ یاسایی په‌رله‌مان بەدەنگی 73 پەرلەمانتار هەڵبژێردرا. 

به‌ركه‌وته‌ی‌ حزبه‌كان له‌لیژنه‌ی‌ یاساییدا به‌مشێوه‌یه‌یه‌: پارتی چوار ئەندام، گۆڕان یەک ئەندام، کۆمەڵ یەک ئەندام‌و نەوەی نوێ یەک ئەندام. هەروەها دو ئەندامی لیژنەکەش بۆ یەکێتی دانراوە، بەڵام بەهۆی بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لەدانیشتنەکە ئەمڕۆدا هەڵنەبژێردران. تورکمان‌و کریستیانەکانیش هەریەکە ئەندامێکیان پێدرا.



بەپێی راگەیێندراوی پەرلەمانی کوردستان، لەدانیشتنەکەدا فراكسیۆنه‌كانی توركمان سوپاسی هه‌ردو فراكسیۆنی پارتی‌و سۆسیالیست-یان كرد بۆ به‌خشینی كورسییه‌كی خۆیان له‌لیژنه‌ی یاسایی بۆ پێكهاته‌ی توركمان، وتیشیان ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌بده‌ئی ته‌وافوق‌و سازان پارێزراوه‌و كاری پێده‌كرێـت".



له‌باره‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ دیاریكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی په‌رله‌مان‌و به‌ركه‌وته‌ی‌ حزبه‌كان، نوسه‌رو رۆشنبیر رێبین هه‌ردی‌ ده‌ڵێت، "لەدوای سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە پارتی لیژنەی یاسایاشی كۆنتڕۆڵكرد. لەسایەی ناكۆكی برادەرانەوە پارتێ ٤ كورسی‌و توركمان‌و كرستیان ٢كورسی‌و حیزبەكانی دیش هەمو پێكەوە تەنیا ٥ كورسیان دەبێت." 



ناوبراو ده‌نوسێت، "واتە پارتی بەئاسانی دەتوانێ هەمو جارێك بەزۆرینە چی ویستت تێپەڕێنێ."



به‌بۆچونی‌ رێبین هه‌ردی‌، كاری ڕاست ئەوەبو هیج حیزبێك نەپارتی نەیەكێتی نەگۆڕان. زۆرینە نەبن لەهیچ شتێكدا، بۆ ئەوەی هەمیشە ناچاربن بەڕێككەتن‌و دیالۆگ لەسەر شتەكان رێكبكه‌ون، نەك حیزبێك بتوانیت كەی ویستی خواستەكانی خۆی بسەپێنێت."



تاكه‌ فراكسیۆن كه‌ بێبه‌شكرا له‌لیژنه‌كه‌، فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی کوردستان بو، به‌وته‌ی‌ سەرۆكی فراكسیۆنه‌كه‌، لیژنەی یاسایی پەرلەمان بە "نایاسایی" پێکهێنراوەو پارتی سزای ئەوانی داوە.



د. شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا وتی‌، "ئەمڕۆ لەپەرلەمانی کوردستان لیژنەی یاسایی بەنایاسایی پێکهێنرا. پارتی سزای ئێمەیدا، گۆڕان‌و کۆمەڵ‌و نەوەی نوێ-ش بێدەنگبون بەرامبەر ئەو پێشلێلکارییە یاساییەی بەرامبەر یەکگرتو کراو دەنگیان بەپێکهێنانی لیژنەی یاساییدا".



شێرکۆ جەودەت وتیشی‌، "ئەو سزایە هی ئەوەیە فراکسیۆنی یەکگرتو دەنگی نەداوە بەهەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان‌و بۆته‌ ئۆپۆزیسیۆن".



یەکگرتوی ئیسلامی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 5کورسی بەدەستهێنا، دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنیش راستەوخۆ بەشداریکردن لەحکومەتی رەتکردەوەو وەک لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن بۆ چوار ساڵی داهاتو خۆی راگەیاند.



دیاریكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی په‌رله‌مان‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ 18ی‌ ئه‌م مانگه‌ به‌بێ ئاماده‌بونی‌ فراكسیۆنه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌و یه‌كگرتوی ئیسلامی‌ كوردستان، ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌ڵبژێردراو له‌كۆی‌ سێ ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌كه‌، سه‌رۆك‌و جێگری‌ یه‌كه‌می‌ په‌رله‌مان له‌پارتی‌ بون.


بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێ لیژنەی یاسایی لە 5 ئەندام كەمتر نەبێت‌و لە 11 ئەندامیش زۆرتر نەبێت.


ناوی‌ ئەندامانی لیژنەی یاسایی:

فراکسیۆنی پارتی:
ئەرشەد حوسێن
بژار خالد
خەدیجە عومەر
عەبدولسەلام عەبدوڵڵا

فراکسیۆنی گۆڕان:
جەلال محەممەد

فراکسیۆنی کۆمەڵ:
روپاك ئەحمەد

فراکسیۆنی نەوەی نوێ:
کاوە عەبدولقادر

کریستیانەکان: 
رۆمیۆ هەکاریی

تورکمانەکان:
سارا دڵشاد


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×