"لایەنەكانی هەرێم جارێكی تر "پارتی و یەكێتی"یان كردەوە بە دەمڕاستی خۆیان"
  2020-02-18       1041       

غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، جارێكی تر لایەنەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی، ئەو دو حزبەیان كردەوە بە دەمڕاستی خۆیان و بەناوی كوردەوە دەڕۆن بۆ بەغداد "بۆ ئەوەی كار بكەن بۆ دانانی وەزیری حزبی و گەندەڵ."

ئاوێنە: غالب محەمەد، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك نوسیویەتی"ئەمەش دوای ئەوەی پارتی و یەکێتی لەوە تێگەیشتن ئەمجارەیان ناتوانن بێ ئەم حزبانە وەزیرە گەندەڵەكانیان دابنێن، هاتن لە گەڵ حزبەكانی دەرەی خۆیان بڕۆن بۆ بەغداد بۆ دانانی وەزیری دوبارەو گەندەڵەكان."

بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان"لەم کارەدا پارتەکانی دەرەوەی دو هێزی دەسەڵاتداری هەرێم (یەکێتی و پارتی) یەك شتیان بۆ دەمێنێتەوە ئەویش پیرۆزباییە لە وەزیرەكانی یەكێتی و پارتی."

ئەو رەخنەی لەلایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی گرتوەو وتویەتی"بەراستی شەرمە هەمو جارێک بخەڵەتێنرێیت لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە کەچی ناوی خۆت بنێیت سیاسی و حزبی سیاسی!."

غالب محەمەد جەختی كردۆتەوە"بەندە ڕایدەگەیەنم، هەر وەزیرێك حزبی و دوبارەو گەندەڵ بێت دەنگی پێ نادەم چونکە ئامانجی ئێمە خزمەتی هاوڵاتیانە."

هەروەك ئەوەشی خستۆتەڕو"بزوتنەوەی گۆڕان کاتێک دامەزرا کاری بۆ ئەوە دەکرد کەسانی سەربەخۆ و پسپۆڕ و شارەزا پۆستەکان بگرنەدەست بێ بیرکردنەوەی بەرژەوەندی حیزبی کاربکەن لەپێناو هاوڵاتیان و بەرەژەوەندی گشتی بەڵام زۆر سەیرە ئێستا بەشی زۆری عێراق داوای کەسانی سەربەخۆ دەکەن بەڵام ئەمان دەڕۆن بۆ دانانی وەزیری گەندەڵ و دوبارە لەعێراق.!"

ئەوەش لەكاتێكدایە لە ئێستادا وەفدی باڵای لایەنە سیاسییەكانی كورد لەبەغدان بۆ تاوتوێكردنی پشكی كورد لەحكومەتی ئایندەی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×