دادگا داوا دەكات دو تۆمەتباری كەیسی هێرشكردنە سەر ئاسۆس هەردی بهێنرێنە بەردەم دادگا
  2020-03-09       2994       

ئا: ئاوێنە

 

دادگای تاوانەكانی سلێمانی 3، سەرەتای ئەم مانگە بەدوو نوسراو داوا لەفەرماندەیی یەكەی 70‌و پۆلیسی سلێمانی دەكات دەكات دو تۆمەتباری سەرەكی دۆسیەی هیچرشكردنە سەر ئاسۆس هەردی لەدانیشتنی داهاتووی دادگادا بهێنرێنە بەردەم دادگا، كە تا ئێستا 14 دانیشتن ئەنجامدراوەو ئەو دو تۆمەتبارە ئامادە نەبون.


بەپێی دو نوسراوی فەرمی دادگای تاوانەكانی سلێمانی 3 كە دەست ئاوێنە كەوتون، بەمەبەستی ئامادە بونیان لەدانیشتنی داهاتوی دادگادا، داواكراوە تۆمەتبارێكی كەیسەكەی ئاسۆس هەردی ئاگادار بكرێتەوە كە تا ئێستا ئاگادار نەكراوەتەوەو تۆمەتبارێكی تریشیان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر بكرێت كە فەرمانی دەستگیر كردنەكەی بۆ دەرچوەو تا ئێستا جێبەجێ‌ نەكراوە.
دادگای تاوانەكانی سلێمانی 3، داوا دەكات فەرمانی گرتنی تۆمەتبار (ئامانج مەعروف مستەفا) جێبەجێ‌ بكرێ‌ كە لە16 / 1 / 2019ەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوەو تا ئێستا دەستگیر نەكراوە.


هەروەها دادگای تاوانەكانی سلێمانی 3، بەنوسراوێك كە ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە/ هێزەكانی (70)ی كردوە پسوڵەی ئاگاداركردنەوەی تۆمەتبار (رزگار محەمەد ئەمین ئەحمەد)ی ناردوە بۆ ئەوەی تەبلیغ بكرێت كە رۆژی دادبینی لە(1/7/2020) لەبەردەم دادگاكەیان ئامادە بێت.


ئەمە لەكاتێكدایە كە دادگای دادبینی كەیسی هێرشكردنە سەر ئاسۆس هەردی ماوەی زیاتر لەسێ  ساڵە بەردەوامەو پاش ئەنجامدانی 14 دانیشتنی دادگا ئەم دو تۆمەتبارە سەرەكیەی كەیسەكە ئامادە نەبون.


ئاسۆس هەردی ئێوارەی 29ی ئابی 2011، لەنزیك لەنوسینگەی سەرەكی رۆژنامەی ئاوێنە لەشەقامی سالم لەسلێمانی، لەلایەن سی كەسەوە بەكلكە دەمانچە پەلامار دراو سەری بریندار كرا. ئەو سێ‌ كەسەی پەلاماریان دا پێشمەرگە‌و پلەداری سەر بەهێزەكانی یەكەی 70  بون، یەكەم بەرواری دادگایكردنی تۆمەتبارەكان لەساڵی 2017دا ئەنجامدراوە.

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×