وەزارەتی دارایی رونكردنەوەیەكی دیكەی لەسەر دابەشكردنی موچە بڵاوكردەوە
  2020-03-14       1774       

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: رونكردنەوەكەی ئەمڕۆیان سەبارەت بە دواخستنی دابەشكردنی موچە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە لەلایەن "هەندێك لایەن و بەرپرسی نابەرپرسەوە بۆ موزایەدەكردن بەلاڕێدا براوە"و داواش لە لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەكات  رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنانە بگرنە بەر کە "کار لەسەر کەمکردنەوەی ورەی خەڵک دەکەن و ئاسایشی دەرونی هاوڵاتییانی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە."

ئاوێنە: لەكاتەكانی پێشوتری ئەمڕۆ(شەممەدا)، وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبو: بەهۆی ئەو ڕێکارانەی گیراونەتەبەر بۆ خۆپارێزی لە بەرامبەر ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆوە، ئەو خشتەی موچەیەی ڕاگەیەنرابو، کە لە رۆژی یەکشەممە ١٥-٣-٢٠٢٠ دابەش بکرێت، لەو ڕێکەوتەدا ناتوانرێت دابەشبکرێت، دوادەخرێت بۆ ڕۆژانی دواتر، تاکو ئەوکاتەی بەرچاومان ڕوندەبێت لەبەرامبەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

بەڵام ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی روبەڕوی رەخنە بوەوە، بۆیە وەزارەتەكە ناچاربو رونكردنەوەیەكی دیكە بڵاوبكاتەوە.

كەمێك لەمەوبەر وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەڕونكردنەوەی دوەمدا لەزاری ئەحمەد عەبدولڕەحمان، وتەبێژی وەزارەتەكەوە رایگەیاند: بەداخەوە، ئەمرۆ لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەمان بەوەدابو کە بەهۆی بڕیاری لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە تایبەت بو بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، ئەو خشتەی موچەیەی کە بڕیار بو رۆژی یەکشەممە ١٥-٣-٢٠٢٠ دابەش بکرێت، ناتوانرێت لەو رێکەوتە دابەشبکرێت و لە رۆژانی دواتر دابەش دەکرێت؛ چونکە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە، نە پێشمەرگە ئازیزەکانمان دەتوانن هاتوچۆ بکەن نە بانکەکانیشمان دەتوانن دەوام بکەن.

هەروەها وتوشیەتی"بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە لەلایەن هەندێک لایەن و بەرپرسی نابەرپرسەوە بۆ موزایەدەکردن، بەلاڕێدا براوە، بە جۆرێک کە دەیانەوێت تەندروستی و سەلامەتیی خەڵکیش بۆ مەرامەکانی خۆیان بەکار بهێنن. لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو قەیرانە تەندروستییەی کە ژیانی مرۆڤایەتی خستوەتە مەترسییەوە، دەبوایە هەمو لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بکەن.

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"بۆیە داوا لە لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەین کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنانە بگرنە بەر کە کار لەسەر کەمکردنەوەی ورەی خەڵک دەکەن و ئاسایشی دەرونی هاوڵاتییانی کوردستان دەخەنە مەترسیەوە."

لەكۆتاییدا دوپاتیكردۆتەوە كە "ئەگەر رێکارەکانی روبەڕوبونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبنە لەمپەر، ئەوا ئەو خشتەی موچەیەی کە بڕیار بو رۆژی یەکشەممە  ١٥-٣-٢٠٢٠ دابەش بکرێت، لە رۆژانی دواتردا دابەشدەکرێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×