وەزیری ناوخۆ: داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان نزیكبۆتەوە لە سفر
  2020-03-18       2348       

وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و ئەو بڕیارانەی دراون بۆ پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان لە مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا، داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان نزیكبۆتەوە لە سفر.

ئاوێنە: رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند"دابەزینی نرخی نەوت هاوكات لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری راستەوخۆی دروست كردوە لە سەر ئابوری هەرێمی كوردستان."

وتیشی"لەئەنجامی ئەو بڕیارانەی كە بۆ پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان دراون، داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان نزیكبۆتە لە سفر. هەرچی بەرهەمی نەوتە، هەرچی ئیشە، هەرچی داهاتە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان راگیراوە."

رێبەر ئەحمەد وتیشی"ئێمە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان بیرمان لەوە كردەوە كە لە نێوان خراپ و خراپتر كامەیان هەڵبژێرین: ئایا  تەندروستی هاوڵاتیان بكەینە قوربانی داهات، یاخود داهاتەكەمان بكەینە قوربانی تەندروستی هاوڵاتیان. حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا فشار بخاتەسەر خۆی و داهاتەكەی خۆی بكاتە قوربانی بۆ ئەوەی تەندروستی هاوڵاتیانمان پارێزراو بێت."

جەختیشی كردەوە كە "كۆرۆنا بۆتە فاكتەرێكی زۆر سەرەكی دابەزینی توانا ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان."

وەزیری ناوخۆ هیواشی خواست ڤاكسینی چارەسەری كۆرۆنا  بدۆزرێتەوەو بگاتە هەمو وڵاتانی جیهان و چیتر ڤایرۆسەكە كاریگەری نەكاتە سەر ئابوری.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×