تەندروستی عێراق 19 حاڵەتی نوێی توشبونی بە كۆرۆنا راگەیاند
  2020-03-22       516       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند: ئەنجامی 106 پشكنینی نوێ دەریخستوە كە 19 كەسیان توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون. دەشڵێت: سێ كەسی دیكە بە كۆرۆنا لە بەغدا گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: تاقیگەكانی وەزارەتی تەندروستی 106 پكشنینی نوێیان ئەنجامداوەو لەئاكامدا دەركەوتوە 19 حاڵەتیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.

بەگوێرەی بەیاننامەكە، 19 حاڵەتە نوێیەكە بەم جۆرە دابەش بون بەسەر پارێزگاكاندا: هەشت حاڵەت لەبەغدا، دو حاڵەت لە نەجەف، یەك حاڵەت لە كەربەلا، یەك حاڵەت لە موسەننا، یەك حاڵەت لە هەولێر، شەش حاڵەت لە سلێمانی.

حاڵەتەكانی هەولێرو سلێمانی پێشتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستانەوە راگەیەندرابون.

بەیانناكەی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكرایكردوە كە پێنج توشبوی دیكەی ڤایرۆسەكە لە بەغدا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو كە سێ كەسی دیكە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە لە بەغدا گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی وەزارەتی تەندروستی عێراق ژمارەی توشبون بە كۆرۆنا تا ئێستا گەیشتۆتە 233 كەس و 20 كەسیش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەست داوەو 57 توشبویش چاكبونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×