نیوەی سوپای عێراق ڕەوانەی ماڵەوە دەكرێنەوە
  2020-03-22       1430       

وەزارەتی بەرگریی عێراق بڕیاریدا بە پێدانی مۆڵەتی به‌ نۆرە (تەناوب) بە سەربازانی پیاو و مۆڵەتی کراوە بە ئەندامانی سوپا لە ئافرەتان جگە لەوانەی کە لەبواری پزیشکییدا کاردەکەن، ئەمەش وەک هەنگاوێکە بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

وەزارەتی بەرگری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: سەرۆکی ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەم عوسمان غانمی لەسەر بنەمای بڕیارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بڕیاریداوە بە کارکردن بە سیستمی نۆرە (تەناوب).

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە، کە بڕیارەکە سەرجەم یەکەکانی سوپا دەگرێتەوە و بەشێوەی ١٥ رۆژ بە ١٥ رۆژ دەوامەکانیان لەلایەن یەکەکانیانەوە رێکدەخرێت.

هەر لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کە ئەو سەربازانەی لەمۆڵەتدا دەبن، دوای تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکەیان و پەیوەندییکردنیان بە یەکەکانیانەوە، پێویستە پشکنینی تەندروستییان بۆ بکرێت و دڵنیابن لەوەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نین.

ئەوەش هاتووە،  پێویستە فەرماندەیی هێزە وشكانییه‌كان نیوەی ژمارەی سەربازانی لە ئەرکدابن و له‌و رێژەیە کەمتر رێگەپێدراو نییە.

ئاماژە بەوەشدراوە، ئەندامانی سوپا لە ئافرەتان مۆڵەتی کراوەیان پێدەدرێت جگە لەوانەی لە بواری تەندروستییدا کاردەکەن.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لەو وڵاتەدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، گەیشتووەتە ٢١٨ کەس و لەو ژمارەیە ١٧یان گیانیان لەدەستداوە.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×