سلاڤۆ ژیژەک: کۆرۆنا دواهەمین قۆناغی سەرمایەدارییە
  2020-03-24       4608       

ئا: رێبوار محەمەد


فەیلەسوف‌و رەخنەگری ناوداری سلۆڤینی، سلاڤۆ ژیژەك ئاماژە بەوە دەكات کە ڤایرۆسی كۆرنا سیستەمی سەرمایەداری روبەڕوی قەیران‌و تەنگەژەیەكی گەورە کردوەتەوە، ئەو دەڵێت "كۆرۆنا ئەو  ڤایرۆسەیە كە كۆتایی بەسیستەمی سەرمایەداری دەهێنێت‌و رزگاركردنی بەها مرۆیی‌و ئازادییەكانیشمان تەنها لەرێگەی گۆڕانكارییەكی ریشەییەوە بەدیدێت".



ئەم رۆژانە سلاڤۆ ژیژەك، قسەو باسێكی زۆر لەسەر كۆرۆناو لێكەوتەكانی بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە كوشندەیە دەكات، وتار دەنوسێت، چاوپێكەوتن لەگەڵ میدیا بینراوو نوسراوەكان ئەنجامدەدات‌و بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە پاش ئەوەی هەزاران‌و بگرە بەملیۆنەها كەس باجە قورسەكەی ئەم ڤایرۆسە دەدەن، هەموان دەبێت لەوە تێدەگەن كە چیتر جیهان ناتوانرێت بەئامڕازو رێگە كۆنەكان بەڕێوەببرێت، بەڵكو ئەنجامدانی گۆڕانكاریەكی ریشەیی، دەبێت بەپێویستیی بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، كە جیهان لەسیستەمی سەرمایەداریی‌و میکانیزمەکانی بازاڕی ئازادەوە بگوازێتەوە بەرەو كۆمۆنیزم، بەڵام بەفۆرمە كۆنەكەی نا".



ئەم فەیلەسوفە تەمەن 71 ساڵە، پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە سەرمایەداریی گەیشتوەتە كۆتایی رێگاكە‌و پێشبینی دەكات كۆرۆنا ببێتە خاڵی وەرچەرخانی مێژویی‌و دەرفەتێك بۆ رزگار بونی مرۆڤ لەڤایرۆسە ئایدۆلۆژییەكان.



ژیژەك دەڵێت "بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، چەندین پەتای ئایدۆلۆژیش لەگەڵ خۆیدا بڵاودەكاتەوە، كە خۆیان لەنێو كۆمەڵگەكانماندا حەشار داوە: هەواڵی درۆ، تیۆرەكانی پیلانگێڕان، راسیزم‌و هەڵسوكەوتی رەگەزپەرستانە. ئەگەر گۆشەگیریی تەندروستی پاساوی خۆی هەبێت لەسەر بنەمای پزیشكی‌و زانستی، ئەوا ئێستا بوەتە هۆكاری بڵاوبونەوەی پەتای ئایدۆلۆژی‌و بەرزكردنەوەی ئەو دەنگانەی كە داوای دانانی سنور‌و گۆشەگیر كردنی ئەو –دوژمنانە- دەكەن هەڕەشەن لەسەر شوناسیان. بەڵام رەنگە كۆرۆنا بشبێتە هۆكاری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسێكی ئایدۆلۆژی دیكەی زۆر بەسودیش، ڤایرۆسی یبركردنەوە لەكۆمەڵگەیەكی ئەلتەرناتیڤ، كە سنوری دەوڵەت-نەتەوە تێپەڕێنێ‌‌و كۆمەڵگەیەك پێنێتە ئاراوە لەسەر بنەمای هاوكاری‌و یارمەتی جیهانیی بنیاتنرابێت".



دەشڵێت "زۆر پێشبینی ئەوە دەكرێت كە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێتە هۆی روخانی رژێمی كۆمۆنیستی لەچین، بەهەمانشێوەی ئەوەی دوای كارەساتی چەرنۆبل (بەدانپێدانانی گورباچۆڤ) كە رێگەی بۆ روخانی یەكێتی سۆڤیەت خۆش كرد. بەڵام ئەم پەتایە لەهەمانكاتیشدا ناچارمان دەكات بیر سەلەنوێ لەداهێنانەوەیەكی كۆمۆنیزمانە بكەینەوە كە لەسەر بنەمای متمانەكردن بەگەل‌و زانست بنیاتنرا بێت".



ژیژەك ئاماژە بەوەش دەكات بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ماشێنی راسیزم كەوتوەتە كار بۆ ئەوەی هەمومان بیرمان بۆ ئەو پیرەژنانە بچێت کە لە"وهان" مار بەزیندویی كەوڵ دەكەن‌و شۆربای شەمشەمە كوێرە هەڵدەقوڕێنن، بەڵام لەدنیای ئەمڕۆدا بەهیچ شێوەیەك راسیزم‌و بەرزكردنەوەی دیوارو  گۆشەگیریی چارەسەر نییە بۆ مرۆڤایەتی‌و جیهان، بەڵكو كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێویستی بەهاوكاریی‌و هەماهەنگییە لەئاستی جیهانیدا، پێویستی بە بەڕێوەبردنە بەشێوازێكی نوێ‌، هاوشێوەی ئەوەی كە لەرابردودا بە"كۆمۆنیزم" ناودەبرا.



ژیژەك پێیوایە ئەمە راستییەكی خەمهێنەرە كە ئێمە بۆ دروستكردنی ئەو هاوكارییە جیهانییە پێویستیمان بەكارەساتە، ئەو دەڵێت "بەر لەچەند ساڵێك فریدریك جیمسۆن سەرنجی راكێشاین بۆ ئەو ئەگەر یۆتۆبیاویانەی كە لەفلیمە خەیاڵییەكاندا ئاماژەیان بۆ دەكرێ‌‌و چارەسەری كارەساتە گەردونیەكان دەكەن (هەسارەیەك هەڕەشە لەژیانی سەر زەوی دەكات، ڤایرۆسێك مرۆڤایەتی قڕ دەكات، هتد). هەڕەشەی جیهانی دەبێتە مایەی هاوكاریی جیهانی، ئیتر ململانێ‌ بێ‌ بەهاكانمان دەچنە پەراوێزەوە‌و هەمومان پێكەوە كار دەكەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. وەك ئەوەی ئەمڕۆ خۆمان لەژیانێكی واقیعیانەدا دەیبینین".



دەشڵێت "ئەم ئازارو كارەساتە وایلێكردوین كە بیر لەبنەما سەرەكیەكانی ژیان‌و كۆمەڵگەكانمان بكەینەوە. یەكەم نمونەی ئەم هەماهەنگییە لەئاستی ئەم هەسارەیەدا بریتییە لەرێكخراوی تەندروستی جیهانی، كە بەدور لەشێوە كاركردنە بیرۆكراتیی‌و تەمەڵییەكەی پێشوی، ئاگاداری‌و هۆشداری وردمان دەداتێ‌، بەبێ‌ ترس‌و بەوپەڕی پیشەییەوە كار دەكاو راستییەكان رادەگەیەنێت. ئەم جۆرە رێكخراوانە پێویستە دەسەڵاتێكی جێبەجێكاری زیاتریان بدرێتێ‌".



ژیژەك ستایشی بێرنی ساندێرز، كاندیدی دیموكراتەكانی ئەمەریکا دەكات‌و دەڵێت "ئەوانەی گومان لەبێرنی ساندێرز دەكەن‌و گاڵتەیان بەو هەڵوێستەی دێت كە داوای پشتگیری سیستەمی چاودێری تەندروستی سەرتاسەری لەئەمەریكادا دەكات، ئایا پێیانوانییە پەتای كۆرۆنا وانەیەكی داوینەتێ‌ كە ئێمە پێویستمان بەو سیستەمی چاودێری تەندروستییەو زیاتریشە؟ ئایا پێویست ناكات ئیتر دەستبكەین بەدامەزراندنی تۆڕێكی چاودێری تەندروستی جیهانی؟".



دەشڵێت "پاش رۆژێك لەدەركەوتنی ئیرەجی هریرژی، جێگری وەزیری تەندروستی ئێران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەمەبەستی كەمكردنەوە لەبایەخ‌و مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆناو پێویستی بەكەرەنتینە نەكردن، خۆی هات‌و دانی بەوەدا نا كە توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوە‌و خۆی كەرەنتینە دەكات، ئیرەج وتی: ئەم ڤایرۆسە زۆر دیموكراسییە، نەجیاوازی لەنێوان هەژار‌و دەوڵەمەندا دەكات‌و نەجیاكاریش لەنێوان دەسەڵاتدارو بێدەسەڵات، نەكاربەدەست‌ دەناسێ‌و هاوڵاتی ئاسایی. ئیرەج زۆر راست دەكات، ئێمە هەمومان لەكەشتییەكداین. ئێمە نەك هەر روبەڕوی هەڕەشەی ڤایرۆس دەبینەوە، بەڵكو چەندین ڤایرۆسی كوشندەو كارەسات لەئاسۆدا بەدیدەكرێن‌و رودەدەن: هەر لەوشكەساڵییەوە بگرە تا دەگات بەپیسبونی ژینگەو شەپۆلەكانی گەرما، گەردەلول‌و زریان...هتد. روبەڕوبونەوەی ئەم كارەساتانە پێویستیان بەكاری جدی‌و بەپەلەو هەماهەنگی جیهانییە".




ژیژەك ئەوە روندەكاتەوە كە لەسەروەختی تەقینەوەی پەتایەكی جیهانیدا، هەموان درك بەوە دەكەن كە میكانیزمەكانی بازاڕی ئازاد توانای پاراستنی مرۆڤیان نییە لەمەترسیەكانی پاشاگەردانی‌و برسێتی، بۆیە پێویستە لەئاستی جیهانیدا رێوشوێنێك بگیرێتەبەر كە بەلای زۆربەمانەوە "كۆمۆنیزمانەیە"، ئەویش بریتییە لەهەماهەنگی لەبەرهەمهێنان‌و دابەشكردن لەدەرەوەی میكانیزم‌و رێساكانی بازاڕدا، ئەو دەڵێت "پێویستە ئەوە وەبیربهێنینەوە كە گرانییە گەورەكەی پەتاتە ئیرلەندای لەچلەكانی سەدەی نۆزدەهەمدا وێران كرد، بوە هۆكاری گیان لەدەستدانی ملیۆنەها كەس‌و ناچار بەكۆڕەویشی كردن. بەڵام هێشتا دەوڵەتی بەریتانیا لەسەر كار كردن بەمیكانزمەكانی بازاڕ بەردەوام بو، ئیرلەندییەكانیش بەردەوام بون لەسەر هەناردە كردنی پەتاتەو بەروبومی خۆراكی، لەكاتێكدا بەملیۆنەها كەس لەدەستكورتی‌و كوێرەوەری‌و تەنگانەدا دەژیان. مومكین نییە ئەمڕۆ بەرامبەر بەو توندوتیژیی‌و دڵڕەقییە لێبوردە بین‌و جارێكیتر دوبارە بێتەوە".



ئەم فەیلەسوفە سلۆڤینییە ئاماژە بەوە دەكات كە ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆژ بەرۆژ رەوتی ئیش‌و كاری بازاڕ لەئاستی جیهاندا پەكدەخات‌و گوێشمان لەوە دەبێت كە گەشەی ئابوری بەرێژەی دو یان سێ‌ دادەبەزێت، ژیژەك دەپرسێت "ئایا ئەمە بەئاشكرا ئاماژە نییە بۆ ئەوەی ئابوری جیهانی سەرلەنوێ‌ پێویستی بەرێكخستنەوەیە بەرێگەیەك كە نەكەوێتە ژێر رەحمەتی میكانیزمەكانی بازاڕ؟ ئێمە باس لەكۆمۆنیزم بەفۆرمە كۆنەكەی ناكەین، بەڵكو ئاماژە بەشێوەیەك لەشێوەكانی رێكخستنی جیهانی دەكەین كە توانای هەیە ئابوری كۆنترۆل بكا‌و بەڕێوەی ببات. جیهان پێویستی بەگۆڕانكارییەكی ریشەییە، سەرمایەداری جیهانی لەقەیران‌و تەنگەژەیەکی گەورەدا دەژی، رزگاركردنی بەها مرۆیی‌و ئازادییەكانمان تەنها لەرێگەی ئم گۆڕانكارییە ریشەییەوە بەدیدێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×