وەزارەتی تەندروستی: 6 توشبوی نوێی‌ ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەده‌ربه‌ندیخان تۆماركرا
  2020-03-24       960       

وەزارەتی تەندروستی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ 6 توشبوی نوێی‌ ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەقه‌زای‌ ده‌ربه‌ندیخانی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ سلێمانی دەستنیشانکراوه‌.

ئاوێنه‌: وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ لەبەردەوامی پشکنینەکان‌و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، شەش توشبوی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لەشاری سلێمانی دەستنیشانکراوه‌

راشیگه‌یاندووه‌، ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌ لەدو خێزانن‌و بەرکەوتووانی توشبوی دوێنێن کە سێ ئافرەت‌و دو منداڵ‌و یەک پیاوی تێدایەو دانیشتوی قەزای دەربەندیخانن.

وەزارەتی تەندروستی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو كه‌ کۆی گشتی توشبووان لەهەرێمی کوردستان گەیشتە 97 حالەت‌و دو مردن.

هه‌ر ئه‌مشه‌و د. سه‌باح نه‌سره‌دین، بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، 5 حاڵەتی توشبوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەشاری سلێمانی چاکبونەوەو گەرانەوە ماڵەوە.

به‌پێی‌ دواین ئاماری‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌، ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان گەیشتۆتە 97 کەس‌و دو کەسیش گیانیان لەدەستداوە هەروەها به‌و پێنج كه‌سه‌وه‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ چاكبونه‌ته‌وه‌ گه‌یشته‌ 27 كه‌س.

ژماره‌ی‌ توشبون بەکۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە: سلێمانی: 66 توشبو، 27 توشبویان چاکبونەتەوەو دو کەس گیانیان لەدەستداوە، هەولێر: 28 توشبو، دهۆک: دو توشبوو هەڵەبجە: یەک توشبو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×