2020-03-25   358     
سەرۆک کۆماری ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ''هاووڵاتییان خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی ژووری تایبەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕێنمایییەکانیدا ڕێوشوێنی توندتری قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیێنێت و پڕۆژەی دوورکەوتن لە یەکتر تا مەودای دوو مەتر جێبەجێ بکرێت''.
ئاوێنه: حەسەن ڕۆحانی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراندا ڕایگەیاند ''پێویستە ڕێوشوێنی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی شوێنە گشتییە ناپێویستەکان توندتر بکرێت و بەو مەبەستەش پڕۆژەیێک لە ئەنجومەنی وەزیران ئامادە کراوە کە دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و بە پێی پڕۆژەکە پێویستە هەموو هاووڵاتییان لە شوێنە گشتییەکان تا مەودای دوو مەتر لێک دوور بکەونەوە''.
ڕۆحانی وتیشی ''هاووڵاتییان خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی قەدەغەکان توندتر بکرێت و ڕەنگە لە جێبەجێ کردنی ئەو قەدەغەیەشدا هاووڵاتییان ناچار بکرێن ئەگەر سەفەری گەشتیارییان کردووە زووتر بگەڕێنەوە مەنزڵ و ماڵی خۆیان و هەروەهاش ڕێگری لە شەپۆلی دووهەمی سەفەرەکان بکرێت''.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بە داخران و پشوودرانی کەرتی حکوومی و ئەهلی کرد و وتیشی ''ئەگەر شوێنێکی گشتی وەک بەشێک لە بازاڕەکان داخران لە بەر ئەوەیە کە تەندروستیی هاووڵاتییان بپارێزین بەڵام هەندێک شوێنی وەک دەرمانخانە و کۆگا پێویستە ناسراوەکان دەبێت بۆ پێداویستیی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دەوام بکەن''.
ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران ٢٧ هەزار تێپەڕاندووە و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش مردوون.