زەخیرەو کۆڕۆنا، لێرەو لەوێ
  2020-03-25       26818       

دلێر محەمەد نوری


ئەگەر بێتوو لە هەر وڵاتێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بە تایبەتیش لەم هەرێمەی خۆشمان بە مانگ و بە ساڵ  کارەبا یان ئاو یان مووچە ببڕێ، کارەساتێکی گەورە ڕوو نادات و خەڵکەکەی لە بەر ڕووناکی مۆم و چراش بێ و بە ئاوی تەنکی سەربانیش بێ درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن. بۆ داهات و خەرجی مانگانەش تا مووچە دەگات مامۆستا ئەبێت بە شۆفێری تاکسی و فەرمانبەریش بە دەستگێر لە دوای دەوام. خۆ هەر نەشکرێت ئەکەونە فرۆشتنی ئەڵقەی پەنجە و سەعاتی دەست و کەرەستەی ناو ماڵ و خۆ ئەگەر قاتی بەردەوام بوو، ئەوە سەرەی خانووبەرەش دێتە پێشێ. هەر بۆیە شێرزاد حەسەن بە وڵاتانی ڕەش هەڵاتی ناوەڕاست ناوی دەبات نەک ڕۆژهەڵات.
مرۆڤەکان لەم وڵاتانە نەوە دوای نەوە هەندێ سیفەت بە ئەمانەتەوە تەسلیمی یەک ئەکەن. یەکێ لەو سیفەتانەش سەرە گرتنە!! وەستان لە سەرەی هێلکە، مریشک، نەوت، غاز، بەنزین...هتد لەوەتەی مرۆڤ هەیە لەم وڵاتانەدا سەرەگرتنیش هەیە چونکە هەمیشە شتێک یان دوو یاخود هەموو شت قاتییە!!
ئەوکەمە شتەش کە ئەگات ئەبێت سەرەی بۆ بگریت. هەمیشەش بەشی هەمووان ناکات و دەبێتە کێشە و هەندێک بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە بۆ سەرەگرتنێکی کە.
سیفەتێکی دیکەی بۆماوەیی زەخیرە خستنە، ماڵ نیە لەم وڵاتە ژووی زەخیرەی نەبێت، بەشی مانگێک دوو مانگ خواردنی وشکە و لە قووتوو کراوی نەبێت. جگە لە ئامێری ساردکەرەوە بۆ پاراستنی خۆراکی ڕۆژانە، بەفرگرێک یان دووانیش پێویستە بۆ گەنجینەکردنی گۆشت و مریشک و سەوزەی بەستوو هەروەها تانکی گەورەی نەوت و چەند بوتڵێک غاز و چەند تانکییەک ئاوی سەربان، خۆ ئەگەر ڕێگەیەک هەبووایە هەندێک کارەباشی هەڵ ئەگرت.
ئەم سیستمی زەخیرەخستنە نیشانەی هیچ نەبێت نیشانەی بێ هیوایی خەڵکە بە حکومەتەکەی لە دابینکردنی خۆراک و ئاو و سووتەمەنی پێویست و گەرەنتی بەردەوام بوونی.
لە سیستمی تەندروستی دا ئەڵێن ئەگەر مرۆڤ دەردێک بگرێ و بە بێ هاوکاری پزیشکی و بە بەرگری لەشی خۆی لێی دەربچێ، ئەوا لەشی بەرگری هەمیشەیی دژ بەو دەردە پەیدا دەکات. ئەم میللەتەی ئێمەش وایان لێهاتووە بەرگەی هەر کارەسات و هەر نەبوونی و هەر قاتییەک ئەگرن، چونکە بێ یارمەتی حکومەت لێیان دەرچوون.
لێرە لە ئەوروپای ڕۆژئاوا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە وردە وردە ژیانی وڵاتان گەشەی گەورەیان کرد و هاوڵاتیانیش کەوتنە فەرەحی و ساڵانێکی دوور و درێژە وەک مرۆڤە نازدارەکان نازیان خراوەتە سەر چاوان. ژیان، خۆشگوزەرانی، پارە و داهات، ئەمن و ئاسایش، ژێرخانی و سەرخان و خان خۆیشی دەوڵەمەند. ئەمانە هەموو کارێکیان کرد تا ئەوەی مرۆڤی ئەوروپی کاری بە زەخیرە و گەنجینە و بەفرگر و تانکی نەوت و تەنکی ئاو نەما. مرۆڤ لێرە لە ژەمە خۆراکی ڕۆژێک دوو ڕۆژ زیاتر ناخات، پشت ئەستور بەوەی وڵات هەمیشە شامی شەریفە هی سبەییش بەڕێوەیە و گەیشت. هەر نەبێ تا پەیدابوونی کۆڕۆنا ئەمە ڕاست بوو.
ساڵانێکە لە ئەوروپای بێ گەنجینە و بێ زەخیرە و بێ بەفرگر،  بیرۆکەیەک ئەورووژرێنرێ، ئامۆژگارییەک بڵاو دەکرێتەوە بەوەی وا پێویستە هەر خێزانێک گەنجینەیەکی هەبێ لە ماڵەوە، خۆراکی وشکە و لە قوتوونراو و ئاوی خواردنەوە و پێداویستی تری چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک گەنجینە بکات. بیانووی پشتی ئەم ئامۆژگارییە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی و سروشتی یاخود هێرشی هاککەرانی سەر سیستمی ئینتەرنێت بوو. ئەوەی باسی نەبوو کڕۆنا یان ئەم جەنگە بایۆلۆژییە بوو!!
لە بەر ئەوەی دەمێکیش بوو ژیان لێرە نەک هەر بە میکانیکی بووبوو، بەڵکو تەواو بە ژمارەییش بووبوو، ئەوەی پێی دەڵێن (digitization). بۆیە لەجێی پارە کارتی بانکی و مۆبایلە، لە جێی شەدەی بە لاستیک بەندکراو ژمارەیە. ئاو بە بۆرییەکاندا و کارەبا بە هێڵەکاندا و شەمنەفەر و تراموای و هێڵی ئاسمانی و ئاوی و وشکانی و کاروباری دام و دەزگا و خوێندنگە و سیستمی تەندروستی و کۆمەڵایەتی هەر هەموویان بەستراونەتەوە بە تەونە جاڵجاڵۆکەییەکەی ئینتەرنێت. لێرە ژیان بە بێ کارەبا و بە بێ ئینتەرنێت یەک چرکەی تر بەڕێوە ناچێت. ئێستا تەنها باخچەی مناڵان و قوتابخانەکان ڕاگیراون کەچی جمەی شار نیوە مردووە.بیرکەرەوە گەر هەموو شتێک بوەستێت وەک ئیتاڵیا شارەکانی بوون بە شاری خێوەکان.
 لە وڵاتێکی وەکو نەرویج تا ساڵی (٢٠١٨) ٨٠% خەڵک کارت بانکیان بەکارهێناوە بۆ شت کڕین و پارەی نەختییان نە لە ماڵ و نە لە گیرفاندا نەبووە. بیرکەرەوە گەر بێت و لە پڕێکدا کێشە بکەوێتە هێڵەکانی ئینتەرنێتەوە دەبێت ٤ ملیۆن نەرویجی بەردەگای بانکەکان بکوتن تا پارە ژمارەییەکانیان بۆ بگۆڕنەوە بە کاغەز. بە کوردییەکەی لێرە کار و فەرمانێکی دەستی (manuelly) نەماوە.
ئێستا دەرکەوت نە کارەساتی مرۆیی و نە سروشتی ئەوروپای تووشی گرفت و شۆک نەکرد. بەڵام ئەم جەنگەی کڕۆنا کە چاوەڕواننەکراو و لە ناکاو بوو لە هەر جێگەیەک زیاتر لە دوای چین و ئێرانەوە زەفەری گەورەی بە ئەوروپا برد. لە ماوەیەکی کورتدا وڵات نەما تووشی شۆک و دەستەودامانی نەکات. هۆکاری ئەم تەشەنەسەندنەی کۆرۆنا لە ئەوروپا نە غەزەبی خوایی سەلەفییەکانە نە بێ سیستەمی و بێدەسەڵاتیی ئەوروپایە. بەڵکو هۆکارەکەی ئازادی تاک و دیموکراتییە کە ڕێگرە لە رێگەگرتن لە کۆڕۆنا و دەسەڵات ئێستا خەریکی گۆڕینی یاسایە بۆ دەستکردنەوە. هۆکارێکی دیکەش ئەوروپییەکان هەم وڵاتەکانیان وڵاتی گەشتوگوزارین و هەم خۆیان گەشتیاری هەمیشەیی جیهانین بۆیە کڕۆناش لەو هاتوچوونە هاوڕێیە. یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکان گەشەی ئابوری و جموجۆڵی بازرگانی لە ئەوروپا و دڵنیایی و باوەڕی پتەوی ئەوروپا بەو سیستەمی ژیانە کە خۆی پێ رێکخستووە! بەوەی ئەمڕۆی تێپەڕێنی بە بێ بیرکردنەوە لە سبەینێ،  کارێکی بە ئەوروپا کردووە تەنانەت پێداویستی خۆپارێزی لە تووشبوون بە کۆڕۆنا و پێداویستی پزیشکیش کەم و کورتی بێنێ! ئەوەش لە بەر نەبوونی هیچ شتێکی گەنجینەکراو. کڕۆنا یەکەم زەنگە کە ئەوروپا لە ناز ئەخات و بۆ لەمەودوا هەم فێری خۆپارێزی ئەکات و هەم فێری ئەوەشی ئەکات کە دەبێت سیستەمێکی جێگرەوەشی هەبێت و زەخیرە و گەنجینەی  هەمیشەییشی هەبێت.
ئیتر لێرەش دەبێت ژوورێک بۆ زەخیرە و بۆ ئاو و سووتەمەنی دابین بکەین، بۆ ئەوەی فڕکان فڕکەی شت کڕینی ڕۆژانی پێشوومان لە بیر نەکەین، کە تەنانەت دەسڕی تەوالێتیش بوو بە ئەزمە.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×