زیانی کێڵگە پەلەوەریەکان لەم مانگەدا ڕاگەیاندرا
  2020-03-25       964       

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان ڕایدەگەیەنن لەم مانگەدا زیانی زۆر بەخاوەن پرۆژەکان گەشتووە.

ئاوێنە - زریان محەمەد: نازم عەبدووڵا جاف، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان بەئاوێنەی ڕایگەیاند" لەماوەی ئەم مانگەدا لەتەواوی هەرێمی کوردستان ئەو زیانانەی بەر کەرتی پەلەوەر گەشتووە خۆی دەبینێتەوە لە پێنج ملیار دینار".

راشیگەیاند"گەر بە تێکڕا لەهەموو هەرێمی کوردستان هەزار هۆڵی بەرهەم هێنانی مریشک وەربگرین هەر هۆڵێک زیانی بە بڕی پێنج ملۆن دینار لێ کەوتبێت ئەوا بەتێکڕا هۆڵەکانی بەرهەم هێنانی مریشک لەم ماوەیەدا بڕی پێنج ملیار دینار زیانیان پێگەشتووە".

ئاماژەی بەوەشدا، هۆکاری زیانەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زیاتر لە دووملێۆن و ٥٠٠ هەزار مریشک لەناو هۆڵەکاندا هەیە وەهیچ بازاڕێک نیە بۆ ساغکردنەوەی مریشک چونکە هەموو دوکانەکانی فرۆشتنی مریشک داخراون وەهیچ سەربڕخانەیەکی گەورەشمان نیە کە ڕۆژانە فریای سەربڕینی مریشکی زۆر بکەوێت بۆیە مریشکەکان دەمێننەوە، پێویستە عەلەف و خۆراکی زیاتری بدەینی کە ئەمەش پارەی زۆری دەوێت لەکاتێکدا نرخی هەر تەنێک عەلەف ١٠٠ دۆلار لەسەرمان گرانبووە،  نەبونی بازاڕیش وایکردووە نرخ هەرزان بێت و زیانەکان زۆرتر بێت لەسەرمان.

جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان داوادەکات پارێزگاری سلێمانی و قائیمقامێت کاربکەن بۆکردنەوەی دوکانەکانی مریشک بەپێی ڕێنماییە تەندروستیەکان لەبازاڕەکاندا تاکێشەی کۆمەڵایەتیش دروست نەبێت لەنێوان دوکاندارەکان و جوملەفرۆشەکان و خاوەن کێڵگەکان چونکە ئەوپارانەی لایانە نایگەڕێننەوە.

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خۆپارێزیکردن و بڵاونەبونەوەی حکومەتی هەرێم تەواوی بازاڕو دوکانەکانی داخستووە تا ٤/١ بۆ پاراستنی تەواوی هاووڵاتان لەو ڤایرۆسە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×