پارێزگاری سلێمانی: لە سلێمانی هەزارەها پـشکنینی نەخۆشی کۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان کراون
  2020-03-26       641       
تەواوی وڵاتانی جیهان لە جەنگێکی گەورەدان دژی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە کۆڤید-19 دەناسرێت، هەرچەند ئەم جەنگە بێ بەرامبەرە لایەنێک هێرشەدەکاتە سەر تەواوی جیهان و سەرجەم ئەوانی دیکەش تاکە چەکێکیان لەبەردەستدایە ئەویش خۆپارێزیی و بەرگرییە.

ئاوێنه‌: دوابەدوای وڵاتی چین لە پڕێکدا لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و نزیکەی تەواوی جیهان ئەم ڤایرۆسە بڵاودەبێتەوە، لەناو دڵی ئەوروپادا قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە هاوکات لە ئێرانیش. شارەزایان دەڵێن نە وڵاتی چین نە هیچ کام لە وڵاتانی ئەوروپا بەو رادەیە خۆیان ئامادە نەکردبوو بۆ ئەم هێرشە ڤایرۆسییە. بەڵام شارێک لەوپەڕی دنیا، دوور لە هەموو زلهێزەکانی دنیا بە بودجەیەکی کەمەوە توانیان بەر لە هێرشی راستەقینەی ڤایرۆسەکە بۆ سەر هەرێمەکەیان رووبەڕووی ببنەوە و سەرچاوەکانی خۆپارێزی و بەرگریی بۆ کۆمەڵگەکەیان دابینبکەن.

پارێزگاری سلێمانی دکتۆر هەڤاڵ ئەبو بەکر نهێنی و پلانەکانی ئەو خۆ ئامادەکارییە بۆ یەکەمجار بۆ دەنگی ئەمریکا باس دەکات. ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتوێژێکی تایبەتی لەگەڵ پارێزگاردا کرد سەبارەت بە وردەکارییەکانی هەڵمەت و پلانەکانی شاری سلێمانی بۆ رێگەگرتن لە تەوژمی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە.

دکتۆر هەڤاڵ دەڵێت "هەر لە مانگی یەکەوە هەڵمەت و پلانەکانمان گەڵاڵەکردووە، بەڵام لە سەرەتای مانگی دوودا هەڵمەتی خۆپارێزی و پشکنینمان دەستپێکرد."

سەبارەت بە قۆناغەکانی هەڵمەتی بەرگری و خۆپارێزی پارێزگار دەڵێت "قۆناغی یەکەمی خۆپارێزیمان بەباشی تێپەڕاندووە، ئێستا لە قۆناغی دووەمداین قۆناغی چارەسەرییە."

لەو بارەیەوە پارێزگاری سلێمانی دەڵێت "ئێمە لە مانگی دووە توانیومانە ئامێری پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەستبخەیەن بەهۆی هەوڵ و هیمەتی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەباح هەورامی و خوێندکارانی کورد لە بەریتانیا."

دەشڵێت "لەئێستادا لەناو شاری سلێمانی زیاتر لە چوار ئامێری پشکنین هەیە، لە گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجەش هەیەو وا چەمچەماڵیش ئامادەدەکرێت."

دەشڵێت "هەر لە سلێمانی هەزارەها پشکنین بۆ خەڵک کراوە."

هەواڵە خۆشەکە
پارێزگار دەڵێت "راستە لە سلێمانی ژمارەی توشبووان زۆرترە بەڵام لە ژێر چاودێریدان و ژمارەیەکی زۆریان لێ چاکبونەتەوەو باری هەموویان جێگیرە."

هاوکات "تا ئێستاکە سلێمانی و کوردستان پاکە لە ڤایرۆسەکە تەنها بەهۆی ئەو خەڵکەوە ڤایرۆسەکە گوازراوەتەوە کە لە دەرەوەی هەرێمەکەوە هاتوون بە تایبەتی لە کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی ئەوروپاوە."

سەبارەت بە گرفتی سنوورەکان
پارێزگار دەڵێت "سلێمانی بە تەنها زیاتر لە 500 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەیە."

هاوکات دەشڵێت "تا ئێستاکە نزیکەی 300 قاچاخچی دەستگیرکراون."

هەرچەندە پارێزگاری سلێمانی گەشبینە بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە بەڵام هۆشداری ئەوەش دەدات و دەڵێت "مەترسی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە کە بە بەرفراوانی بڵاوبۆوە توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەمە."

پارێزگار خەڵک دڵنیا دەکاتەوەو دەڵێت "بە ئەندازیەک خواردن و پێداویستی و سوتەمەنی دابینکراوە و لەبەردەستدایە خەڵک نابێت لەو ڕووەوە بترسێت."

دەشڵێت "حکومەتی هەرێمیش پلانێکی هەیە خۆراک بۆ ماوەی سێ بۆ شەش مانگ بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دابیندەکات."

سەبارەت بە کۆمپانیاکەی شاری سلێمانی
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت "کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی دەرمان لە شاری سلێمانی بە کواڵتییەکی باش و ستانداردی جیهانی ئامادەیە چارەسەری کۆرۆنا بە خۆرایی بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دابینبکات."

دەشڵێت "ماوەی دوو رۆژە وەک وڵاتانی جیهان بەرێوبەڕایەتییەکانی تەندروستی شاری سلێمانی دەستیانکردووە بە ئەزمونێکی گرنگ بە بەکارهێنانی پلازمای خوێنی کەسە توشبووەکان بۆ چارەسەری خەڵکانی دیکە."


 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×