كه‌شناسی هه‌رێم، له‌باره‌ی گۆرانكاری كه‌شوهه‌وا هۆشداری ده‌داته‌ هاوڵاتیان
  2020-03-26       450       
به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم، هۆشدارییه‌ك له‌ باره‌ی گۆرانكارییه‌كانی كه‌ش و هه‌وای ناوچه‌ جیا جیاكانی هه‌رێم ده‌دات.

ئاوێنه‌: ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ 26-3-2020، به‌شی پێشبینی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم، راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هۆشداری ده‌دات به‌ هاوڵاتیانی هه‌رێم له‌باره‌ی ئه‌و گۆرانكارییانه‌ی روو له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی به‌شی پێشبینی كه‌شناسی:

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن – بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومە لەرزەزانی

هۆشدارى کەشناسى/

هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى درێژبوونەوەى نزمە پاڵە پەستۆکانى ( دەریاى ناوەڕاست و دەریاى سوور و نیمچە دوورگەى عەرەبى) .

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26-3-2020 سەرەتاى هاتنى کاریگەرى ئەم شەپۆڵە لەسەر ناوچە جیاجیاکانى هەرێم بەدیار دەکەوێت, باران بە شێوەى پچڕپچڕ لە ناوچە شاخاویەکان دەبارێت، سەنتەرى پارێزگاکانیش ئەگەرى نمە بارانى هەیە.

سبەى هەینى؛ لە شەودا کاریگەرى ئەم شەپۆڵە کاردەکاتە سەر تەواوى ناوچەکەمان، باران بارین لە تەواوى ناوچە شاخاویەکان و سەنتەرى پارێزگاکان دەبارێت, ناوچە شاخاویەکانى پارێزگاى دهۆک وەک: (دینارتە، ئاکرێ، سەرسەنگ، ئامێدى و کانى ماسى )، هەروەها بەشێک لە ناوچە شاخاویەکانى پارێزگاى هەولێر وەک: (رواندز، سۆران، چۆمان، حاجى ئۆمەران، سیدەکان، بارزان و مێرگەسوور )بارانیان زیاتر دەبێت.

رۆژى شەممە؛ کاریگەرى ئەم شەپۆڵە بەردەوامى دەبێت جگە لە باران بارین ئەگەرى هاتنى بارستە هەوایەکى تۆزوخۆڵ هەیە بۆ سەر ناوچەکەمان لە هەندێ ناوچە بە شێوەى تۆزوخۆڵ و لە هەندێ ناوچە لەگەڵ باران تێکەڵ دەبێت.

کاریگەرى ئەم شەپۆڵە لە رۆژى یەک شەممە لاواز دەبێت و ئاسمان لەو رۆژەدا بە نیمچە هەورى دەمێنێتەوە.

رۆژى دووشەممە؛ دووبارە لە زۆربەى ناوچەکان باران بارین دەبێت و لە هەمان رۆژ باران بارین کۆتاى دێت کاریگەرى ئەم شەپۆڵە کۆتاى دێت.

لە ماوەى ئەم شەپۆڵە پلەکانى گەرما نزم دەبێتەوە و هەندێ جار هەورە تریشقەش دەبێت و ناوچە شاخاویەکانى پارێزگاى دهۆک ئەگەرى تەزرە بارینى هەیە.


 
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×