پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گەیشتە هەولێر
  2020-03-26       519       

بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە بڕی ٤٥٣ ملیار دینارە لەلایەن بەغداوە رەوانە كراوەو گەیشتوەتە هەولێر.

ئاوێنە: عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق بە میدیاكانی پارتی راگەیاند: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە فەرمانی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە نێردراوە.

هەروەها وتیشی"چاوەڕێی بانکی ناوەندی عێراقین بۆ ئەوەی سیستەمەکە بکاتەوەو کار لەسەر ئەوە دەکرێت بە میکانیزمێکی گونجاو موچەکە دابەش بکرێت."

هەر ئەمڕۆ جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاندبو: وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) موچەیان وەرگرتووەو بۆ وەزارەت و دامەزراوەکانی تر چاوەڕێی هاتنی تەمویلەکەی بەغداین، هەرکاتێک گەیشت، راستەوخۆ دەست دەکەین بەدابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە میکانیزمێک کە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکرێت.

دواتریش وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبو لە پێنج رۆژی هەفتەی داهاتودا موچەی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەشدەکرێت.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×