وەزارەتی دارایی: ئاوات شێخ جەناب پێشنیاری دەستكاریكردنی موچەی نەكردوە
  2020-03-27       1929       

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رونكردنەوە لەسەر ناردنی دو موچە لە مانگەدا لەلایەن بەغداوە دەدات و دەشڵێت: پێشنیاری ئاسیا حەواڵەیان بۆ دابەشكردنی موچە رەتكردۆتەوەو هەروەها وەزیری داراییش پێشنیاری دەستكاریكردنی موچەی نەكردوە.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: لەماوەی هەشت مانگی دەستبەکاربونمان لەکابینەی نوێدا هەشت مانگ موچەمان دابەشکردوە، هەروەها بەغداش هەشت مانگ تەمویلی ناردوە لەو ماوەیەدا بۆ موچە (لە ساڵی ٢٠٢٠ تەنها سێ تەمویلی ناردوە، ئێمەش  سێ مانگ موچەمان لە ساڵی ٢٠٢٠ دابەشکردوە."

وتوشیەتی"بە بڕوایەکی تەواوە دەڵێین نە حکومەتی بەغدا ئامادەیە موچەی زیاد بنێرێت بۆ هەرێم وە یاسای بودجەی عێراقیش رێگرە لەوەی هیچ موچەیەکی زیاد خەرج بکرێت). بەڵام بەرێزێک ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی ٢٣ رۆژدا بەغدا دو موچەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردوە، بەڵام ئەو بەرێزە ئاماژە بەوە ناکات، کە بەشێکی زۆری وەزارەت و دامەزراوەکان موچەی مانگی ١١ی ٢٠١٩یان لە رۆژانی نێوان ٢ بۆ ٧-٣-٢٠٢٠ وەرگرتوەو خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی ١٢ی ٢٠١٩ لە رۆژی ٩-٣-٢٠٢٠ دەستی پێکرد."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دەبوایە بەرێزیان ئاماژەیان بەوە بکردایە کە تەمویلی بەغدا هی مانگی رابردو دواکەوت بۆ بەرواری ٢-٣-٢٠٢٠ و هەروەها تەمویلی مانگی ٣ دواکەوت بۆ ٢٦-٣-٢٠٢٠ کە هەردو نوسراوی تەمویلی مانگی ٢ هەروەها مانگی ٣ی ٢٠٢٠ کە ئێمە موچەی مانگی ١١و ١٢ی ٢٠١٩ پێ دابەشدەکەین هاوپێچ دەکەین لەگەڵ ئەم رونکردنەوەیە بۆ ئەوەی راستییەکان وەک خۆیان بگەن بە هاوڵاتیانی ئازیزی خۆمان."

لە بەشێكی تری رونكردنەوەكەدا هاتوە"لەماوەی رابردودا لە لایەن بەرێز خاوەنی ئاسیا حەواڵەوە پێشنیارێک دراوە بە بەرێز پارێزگاری سلێمانی، ئەویش بەرزی کردۆتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی موچە لە رێگای ئەوانەوە دابەش بکرێت، بەڵام ئەم پێشنیارە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەندنەکراوەو رەتکراوەتەوە." 

وەزارەتی دارایی و ئابوری لەكۆتایی رونكردنەوەكەیدا جەختی كردۆتەوە كە وەزیری دارایی و ئابوری پێشنیاری دەستکاریکردنی موچەی نەکردوەو هەروەها یاساش دەسەڵاتی دەستکاریکردنی موچەی نەداوە بە وەزارەتی دارایی و ئابوری.

دەقی رونكردنەوەكە...

رونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریەوە

لەم دۆخە نەخوازراوە کە پێویستە هەمو لایەک بە جیاوازی ئینتیمای سیاسییەوە، هاوکاربن و وەک یەک تیم کاربکەین بۆ ئەوەی میللەتەکەمان بە کەمتریین زیان رزگاری بێت، بەداخەوە هەندێک کەس بەمەبەست لە مەترسی ئەو دۆخە تەندروستی و داراییە خۆیان نادان دەکەن و هەوڵی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشە دەدەن و یاری بە هەست و سۆزی هاوڵاتیان دەکەن. بە پێویستمان زانی رونکردنەوە لەسەر دو هەواڵی هەڵبەستراو بدەین کە بریتیین لە:

١- لەماوەی هەشت مانگی دەستبەکاربونمان لەکابینەی نوێدا هەشت مانگ موچەمان دابەشکردوە، هەروەها بەغداش هەشت مانگ تەمویلی ناردوە لەو ماوەیەدا بۆ موچە (لە ساڵی ٢٠٢٠ تەنها سێ تەمویلی ناردوە، ئێمەش  سێ مانگ موچەمان لە ساڵی ٢٠٢٠ دابەشکردوە، بە بڕوایەکی تەواوە دەڵێین نە حکومەتی بەغدا ئامادەیە موچەی زیاد بنێرێت بۆ هەرێم و یاسای بودجەی عێراقیش رێگرە لەوەی هیچ موچەیەکی زیاد خەرج بکرێت). بەڵام بەرێزێک ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی ٢٣ رۆژدا بەغدا دو موچەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردوە، بەڵام ئەو بەرێزە ئاماژە بەوە ناکات، کە بەشێکی زۆری وەزارەت و دامەزراوەکان موچەی مانگی ١١ی ٢٠١٩یان لە رۆژانی نێوان ٢ بۆ ٧-٣-٢٠٢٠ وەرگرتوەو خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی ١٢ی ٢٠١٩ لە رۆژی ٩-٣-٢٠٢٠ دەستی پێکرد. دەبوایە بەرێزیان ئاماژەیان بەوە بکردایە کە تەمویلی بەغدا هی مانگی رابردو دواکەوت بۆ بەرواری ٢-٣-٢٠٢٠ و هەروەها تەمویلی مانگی ٣ دواکەوت بۆ ٢٦-٣-٢٠٢٠ کە هەردو نوسراوی تەمویلی مانگی ٢ هەروەها مانگی ٣ی ٢٠٢٠ کە ئێمە موچەی مانگی ١١و ١٢ی ٢٠١٩ پێ دابەشدەکەین هاوپێچ دەکەین لەگەڵ ئەم رونکردنەوەیە بۆ ئەوەی راستییەکان وەک خۆیان بگەن بە هاوڵاتیانی ئازیزی خۆمان.

٢- لەماوەی رابردودا لە لایەن بەرێز خاوەنی ئاسیا حەواڵەوە پێشنیارێک دراوە بە بەرێز پارێزگاری سلێمانی، ئەویش بەرزی کردۆتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی موچە لە رێگای ئەوانەوە دابەش بکرێت، بەڵام ئەم پێشنیارە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەندنەکراوەو رەتکراوەتەوە، هەروەها بەرێز پارێزگاری سلێمانی و خاوەنی ئاسیا حەواڵە لەو بریارە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام ئەم بابەتەش لەلایەن ئەو بەڕێزەوە بە شێوەیەکی نەشیاو بڵاوکراوەتەوە بە بێ ئەوەی پرسیار لەلایەنی تایبەتمەند بکات کە وەزارەتی دارایی و ئابورییە بۆ راستی و دروستی بابەتەکە.

لە کۆتاییدا هیواخوازین لە نزیکتریین کاتدا ئەم قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کۆتایی پێبێت بۆ ئەوەی بتوانین بەپشتیوانی خوای گەورە هەنگاوی گرنگ لە پرۆسەی چاکسازی و پەرەپێداندا بنێین. دڵنیایی دەدەیین بە موچەخۆرانمان کە هەمو توانایەکمان بەکاردەهێنین بۆ دابینکردنی موچە، ئەوەش دوپات دەکەینەوە کە بەرێز وەزیری دارایی و ئابوری پێشنیاری دەستکاریکردنی موچەی نەکردوە، هەروەها یاساش دەسەڵاتی دەستکاریکردنی موچەی نەداوە بە وەزارەتی دارایی و ئابوری.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×