لیوا حەسەن نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی سەبارەت بە هێرشكردنە سەر
پزیشكێك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە شاری سلێمانی رایگەیاند: هەمو ئەو كەسانەی
بێڕێزیان بەرامبەر بە پزیشكەكە كردبو دەستگیركران و روبەڕوی یاساو دادگا
دەكرێنەوە.
ئاوێنە: لیوا حەسەن نوری، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، بە میدیای رەسمی یەكێتی
راگەیاند"ھەمو ئەوانەی بێڕێزیان بەرامبەر پزیشکەکەی سلێمانی کردبو دەستگیرکران
و روبەڕوی یاساو دادگا دەکرێنەوەو بەناوی ھێزە ئەمنیەکانی سلێمانیش داوای لێبوردن
لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەین."
وتیشی"ئەو روداوە نەخوازراوەی لەیەکێک لە خاڵەکانی پشکنین و چاودێریکردنی
قەدەغەی ھاتوچۆ رویدا رەفتارێکی ناشایستەی تاکەکەسی بوە پێویستیشە لەسەر ھەمولایەک
رێز لە ماندوبون و شەونخونی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بگرن کە لەسەنگەری پێشەوەی
بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنان."
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی داواشی لە وەزارەتی ناوخۆ كرد رێ بەھاتوچۆی تەواوی
پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بدرێت کە وەک سەربازی ون لە خەمی پاراستنی سەلامەتی
ھەمولایەکدان.
لیوا حەسەن نوری رونشیکردەوە "بەچاوی رێزەوە لە رۆڵی ئازیزانمان لە کەرتی
تەندروستی دەڕوانین و لەچەند رۆژی رابردوش ھێزە ئەمنییەکانی سلێمانی گوڵبارانی پزیشک
و کارمەندانی تەندروستیان کرد و ئەم وێنە جوانە ھیچ کەسێکی نابەرپرس ناتوانێت بیشێوێنێت
و تەئکیدیش دەکەینەوە لەیەکخستنی زیاتری ھەمو
تواناکان بۆ جێجەجێکردنی رێنمایی و رێکارە تەندروستی و کارگێڕییەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی
ھەمولایەک."