تەندروستی هەولێر: بازنەی پشكنینی كۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان بەرفراوان دەكەین
  2020-04-08       851       

بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر رایگەیاند، تیمەكانیان بەردەوامن لە ئەنجامدانی پشكنین بۆ ھاوڵاتیان و بازنەكە بەرفراوانتر دەكەن، بۆ ئەوەی دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرنەچێت دەبێ ھاوڵاتییان ھاوكاربن و لە ماڵ بمێننەوە.

ئاوێنە: د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی ھەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە میدیاكانی پارتی راگەیاند"لە دوێنێوە پشكنین بۆ 400 كەس لە چەند گەڕەكێكی ھەولێر كراوە، ئەنجامی 14 كەس پۆزەتیڤ دەرچو كە ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان. ئەو كەسانە بەركەوتنیان ھەبوە لەگەڵ توشبوەكانی پشتر."

ئاماژەی بەوەشدا"سەرەتا پشكنین بۆ كەسە نزیكەكان دەكرا، بەڵام ئێستا بازنەكە بەرفراوانتر دەبێت لە ھەر گەڕەكێك بەركەوتە ھەبێت پشكنین بۆ كەسانی دیكەش دەكرێت، پێویستمان بەوە ھەیە بەوردی پشكنین بۆ خەڵك بكەین."

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی ھەولێر ئەوەشی خستەڕو"ھەمو ئامادەكاریەك كراوە بۆ ھەر ئەگەرێك كە ژمارەی توشبوان زیاتربێت، بەڵام ئەوە بە یەك لایەن ناكرێت، دەبێ ھاوڵاتییان لە ماڵەوە بمێننەوەو ھاوكاری تیمە تەندروستییەكان بن، تیمەكانمان بەردەوام بۆ خزمەتی ھاوڵاتییان لە كاركردنن."

جەختیكردەوە"پێویستە ھاوڵاتییان لە ماڵەوە بمێننەوە، بۆ ئەوەی دۆخەكە لە دەست دەرنەچێت و كۆنترۆڵی بكەین."

د. دلۆڤان محەمەد راشیگەیاند"تیمەكانمان بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی بەركەوتنیان لەگەڵ دانیشتوانی گەڕەكی كارێزان ھەبوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×