کێڵگە پەلەوەرییەکان داوایەکی بەپەلە ئاراستەی حکومەت دەکەن
  2020-04-10       1249       
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوایەکی بەپەلە ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات‌و هۆشداری‌ ده‌دات، ئه‌گەر پشتیوانی لەبەرهەمی ناوخۆیی نەکرێت، ئەوا بەتەوای توشی داروخانی بەرهەمهێنانی کەرتی پەلەوەریی دەبن.

زریان محه‌مه‌د، ئاوێنه‌: نازم عەبدوڵا جاف، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ڕایگەیاند، "داوایەکی بەپەلە ئاراستەی سەرۆکی حکومەت‌و پەرلەمان‌و وەزیره‌كانی  کشتوکاڵ، بازرگانی‌و پیشەسازی، دارایی‌و تەواوی یەکە ئیدارییەکانی تر ده‌كه‌ین كه‌ چیتر بێدەنگ مەبن، وەرنە سەر خەت لەگەڵمانبن، کێشەکانی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان چارەسەربکەن تا کار نەگەشتۆتە داخستنی سەرجەم هۆڵەکانی بەرهەمهێنانی مریشک".

راشیگەیاند، " ساڵانە ئەو کێشانەمان دوبارە دەبێتەوە هیچ گوێمان لێ ناگیرێت لەکاتێکدا بەرهەمهێنانی مریشک لەسەر خاوەن هۆڵەکان دوو هەزارو ١٠٠ دینار دەوەستێت لەئێستادا دەدرێت بەهەزارو ٥٥٠ دینار لەناو هۆڵەکان کە ئەمە کارەساتێکی گەرەیە لەهەرێمی کوردستان".

جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوا ده‌كات كه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌ هەستن بەدیاریکردنی نرخێكی‌ جێگیر بۆ مریشك لەتەواوی ساڵدا بۆ ئەوەی "نەئێمە بەردەوام لەزەرەردابین نەنرخیش لەسەر هاوڵاتیان زیادبێت".

نازم عەبدوڵا جاف ئه‌وه‌شی‌ وت، "گەر حکومەت بەدەم داواکارییەکانمانه‌وه‌ نەیه‌ت، ئەوا دەرگای هۆڵەکان بەتەواوی دادەخرێت، ئەوکات کەرتی بەرهەمهێنانی مریشک بەتەواوی توشی داروخان دەبێت‌و نرخی‌ مریشك زۆر گران دەبێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×