په‌رله‌مانتارێك داوا له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كات نرخی‌ به‌نزین‌و گاز هه‌رزان بكات
  2020-04-10       836       
ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ وزه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق داوا ده‌كات حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نرخی‌ به‌نزین هه‌رزان بكات، به‌و پێیه‌ی‌ نرخی‌ نه‌وتی‌ خاو به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو دابه‌زیوه‌.

ئاوێنه‌: د. غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ وزه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق داواكارییه‌كی‌ ئاراسته‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و چوار پارێزگاكه‌ی‌ هه‌رێم كردووه‌ ده‌ڵێت، "کۆرۆنا مەکەنە هۆکارێك بۆ شاردنەوەی هەموشتێک، نرخی سوتەمەنی بۆ هەرزان ناکەن".

ناوبراو نوسیویه‌تی‌، "لەئێستادا داواكاری‌و خواست بۆ سوتەمەنی كەمبۆتەوە بەهۆی كەرەنتینەكردنی خەڵك‌و پابەندبونیان بەڕێنماییەکان، چەندین وڵاتی وەك ئوردن‌و تونس هتد، نرخی سوتەمەنییان كەمكردوتەوە بۆ (٢٠%) لەنرخی ئێستا، هیوادارم ئێوەش نرخی سوتەمەنی بەتایبەتی بەنزین‌و گاز كەمبكەنەوە هەتا (٢٠%) بەمەش لتری بەنزین محه‌سه‌ن دەبێتە (٤٥٠)دیناری عیراقی".

د. غالب محه‌مه‌د ڕاشیگه‌یاندووه‌، ئێستا خەڵك باری‌ ئابوری باش نیەو ناكرێت لەبەر بەرژەوەندی كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی سوتەمەنی دەستبەرداری بەرژەوەندی هاوڵاتیان بن، "داواتان لێدەكەم لەبەر بەرژەوەندی گشتی كار بكەن بۆ هەرزانكردنی بەنزین‌و گاز، چونكە ناكریت كاتێك نەوت بە (٧٥) دوڵار بو ئێستاش بوە بە (٣٣) دۆلار بەنزین‌و گاز یەك نرخی هەبێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×