"ئەو شوێنانەی لەماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا داخراون باجیان لێ وەرناگیرێت"
  2020-04-12       636       

بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان پێداچونەوە بە باجدا بکرێت و بەڕێوەبەری گشتیی باج  لە هەرێمی كوردستان ئاشکرای کرد، حکومەت لە کاتی وەرگرتنی باجدا بێبازاڕی و قەیرانی نەبونی بازاڕ لەبەرچاو دەگرێت و ئەو شوێنانەی لە ماوەی قەدەغەی ھاتوچۆدا داخراون باجیان لێ وەرناگیرێت.

ئاوێنە: د. کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانوبەرە لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند"پێشتر لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەوە باس لە پرسی باج لەسەر ھەمو شوێنەکان کراوە، پلانەکەش وایە ھەمو ئەو شوێنانەی بەھۆی قەدەغەی ھاتوچۆوە داخراون، ئەو ماوەیە حکومەت لە باجی ساڵانەیان خۆش دەبێت، بەڵام ھەمو باجەکە ناگرێتەوە، واتە لە ھەموی خۆش نابێت، تەنیا ئەو ماوەیەی بڕیاری قەدەغە درا، ئەو ماوەیە باجی لێ وەرناگیرێت."

بەڕێوەبەری گشتیی باج وتیشی"کۆی گشتیی ئەو ماوەیەی حکومەت بڕیاری داوە شوێنەکان دابخرێن، باجیان لەسەر ھەژمار ناکرێت، چونکە باجی ساڵانە وەردەگیرێت."

د. کەمال وەرتی ڕوونی کردەوە"دەربارەی باجی زەویوزار ئێمە لەبەرچاومانە، ئەو زەویانەی بەتاڵن و ئەو ماوەیە بێبازاڕی و قەیران کەرتی زەویوزاری گرتوتەوە، پێداچونەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام ئەو زەویانە زیاتر لە کاتی بەناوکردن باجیان لێ وەردەگیرێت و زەوی ھەیە دوای ١٠ ساڵ کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت و دەچێتە باج."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×