لەڕوی ژمارەی توشبوانی كۆرۆناوە توركیا پێش ئێران كەوت
  2020-04-18       803       

وەزارەتی تەندروستی توركیا رایگەیاند: لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا لە سەرتاسەری وڵات سێ هەزارو 783 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون و كۆی گشتی توشبوانیش گەیشتۆتە زیاتر لە 82 هەزار كەس. بەوەش توركیا لەڕوی ژمارەی توشبوانی كۆرۆناوە پێش ئێران كەوت.

ئاوێنە: فەخرەدین كۆجا، وەزیری تەندروستی توركیا رایگەیاند: لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا، سێ هەزارو 783 حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆرۆنا تۆماركراون و بەوەش كۆی گشتی توشبوان لەوڵات گەیشتۆتە 82 هەزارو 329 حاڵەت.

ئەوەش لەكاتێكدایە تا ئەمڕۆ شەممە، لە ئێران كۆی حاڵەتەكانی توشبون بە نەخۆشییەكە گەیشتۆتە 80 هەزارو 868 كەس.

بەو ئەنجامانەش توركیا لەسەر ئاستی ریزبەندی وڵاتانی جیهان لەڕوی ژمارەی توشبوانەوە هاتە پلەی هەشتەم و ئێران چوە پلە نۆیەم.

بەڵام لەڕوی ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەكە ئێران هێشتا بە ژمارەیەكی بەرچاو لە پێش توركیاوەیە.

وەزیری تەندروستی توركیا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 121 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوەو بەوەش كۆی گشتی ئەوانەی بە كۆرۆنا لە توركیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە یەك هەزارو 890 كەس. لەكاتێكدا كە تا ئەمڕۆ ژمارەی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە ئێران گەیشتۆتە پێنج هەزارو 31 كەس.

فەخرەدین كۆجا ئەوەشی خستۆتەڕو كە تا ئێستا 10 هەزارو 453 توشبوی كۆرۆنا لە توركیا چاكبونەتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×