لە توركیا ژمارەی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا دو هەزار كەسی تێپەڕاند
  2020-04-19       732       

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی توركیا، ژمارەی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لەو وڵاتە دو هەزار كەسی تێپەڕاندوەو ژمارەی حاڵەتەكانی توشبون بە ڤایرۆسەكەش گەیشتۆتە زیاتر لە 86 هەزار كەس كە بەوەش توركیا لەڕوی ژمارەی توشبوانی كۆرۆناوە پێش هەمو وڵاتانی دەرەوەی ئەوروپاو ئەمریكا كەوت.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی توركیا، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردودا، سێ ھەزارو ٩٧٧ حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵات تۆمارکراون و بەوەش كۆی گشتی توشبوان گەیشتۆتە 86 هەزارو 306 كەس.

بەو تۆمارەی ئەمڕۆی توشبوان، توركیا لەڕوی كۆی گشتی ژمارەی توشبوانەوە پێش چین كەوت و بەوەش زۆرترین ژمارەی توشبوی هەیە لەچاو هەر وڵاتێكی دەرەوەی ئەوروپاو ئەمریكا.  
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی توركیا لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 127 توشبوی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوەو بەوەش كۆی گشتی ژمارەی ئەوانەی بە ڤایرۆسەكە تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە دو هەزارو 17 كەس.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردودا، ھەزار و ٥٢٣ توشبو چاكبونەتەوەو کۆی گشتی ژمارەی ئەوانەی لە ڤایرۆسەکە چاکبونەتەوەو نەخۆشخانەیان جێھێشتوە گەیشتۆتە ١١ ھەزارو ٩٧٦ کەس.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×