وەزارەتی دارایی سەرجەم لێخۆشبونە گومرگییەكانی راگرت
  2020-04-24       742       

لەسەر فەرمانی وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم لێخوشبونە گومرگییەكان بۆ كاڵاو كەلوپەلە هاوردەكراوەكان راگیران.

ئاوێنە: ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان لە بوسكەی ژمارە 30دا كە ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی گومرگ و سەرۆكایەتی دادگاكانی گومرگی كردوە، رایگەیاند: لەسەر فەرمانی وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارتان دەكەین سەرجەم لێخۆشبونە گومرگییەكان بۆ كاڵاو بابەتەكان بۆ هەر مەبەست و دامەزراوەو شوێنێك بێت و بە هەر یاساو بڕیارێك بێت، رابگیرێت.

لە بروسكەكەدا هاتوە"بۆ ئەم مەبەستە هەر كاڵاو بابەتێك كە هاوردە دەكرێتن لێخۆشبونیان بۆ نەكرێت و دوای ئیجرائاتی پێویست و گومرگ كردن دەكرێت داخڵی هەرێم بكرێن."

بەگوێرەی بروسكەكە، ئەو بڕیارە لە رێككەوتی ئەمڕۆ هەینی 24/04/2020ەوە جێبەجێ دەكرێت.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان، بڕیاری راگرتنی لێخۆشبونە گومرگییەكانی بە "كارێكی باش" ناوبردوەو لە هەژماری خۆی لە فەیسوك نوسیویەتی"یەکێ لە گەندەڵییە رێکخراوەکان لەژێر بەرگی یاسایی و نایاساییدا دەکرا لەلایەن وەزارەتە جیاوازەکان عەفوی گومرگی بو، مانگانە بەھەزاران عەفوی گومرگی دەکراو ملیۆنان دۆلار زەرەری دەدا."

توشیەتی"یەکێك لەو خاڵانەی لە ڕاپۆرتی چاکسازی خاڵە سنورییەکاندا داوامان کردبو، چارەسەری ئەم عەفوی گومرگیە بو، ئێستا عەفوی گومرگی بەتەواوی ڕاگیرا."

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتوشیەتی"گرنگە گەندەڵیەکانی دیکەی خاڵە سنورییەکان لە کۆمپانیاو قاچاخیەکانیش ڕابگیرێت و دەست بۆ دۆسیەکانی دیکەی گەندەڵی ببرێت."


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×