بەهۆی تەقاندنەوەی بۆرییەكەی لەلایەن گەریلاوە، هێشتا هەناردەی غازی ئێران بۆ توركیا راگیراوە
  2020-04-26       772       

دوای ئەوەی لە كۆتایی مانگی رابردودا لە چالاكییەكی فیدایی ژنە گەریلایەكدا بۆری هەناردەی غازی ئێران بۆ توركیا لەناو خاكی توركیا تەقێندرایەوە، بەرپرسێكی كۆمپانیای غازی نیشتمانی ئێران، ئەمڕۆ یەكشەممە ئاشكرایكرد: بەوهۆیەوە هێشتا هەناردەی غازی وڵاتەكەی بۆ توركیا راگیراوە.

ئاوێنە: رۆژی 1ی ئەم مانگە ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) رایگەیاند: رۆژی 31ی ئازار، لە چالاكییەكی فیدایی ژنە گەریلایەكدا لە بازێدی سەربە ناوچەی ئاگری لە نزیك دەروازەی سنوری گوربولاك بۆری گواستنەوەی غازی سروشتی ئێران بۆ توركیا تەقێنراوەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە، مەهدی جەمشیدی دانا، بەڕێوەبەری دابەشكردن لە كۆمپانیای غازی نیشتمانی ئێران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رەسمی وڵاتەكەی(ئیرنا) رایگەیاند: هێشتا هەناردەی غازی ئێران بۆ توركیا راگیراوە، چونكە هێشتا ئەو بەشەی بۆری گواستنەوەی غازەكە كە لەنێو خاكی توركیا تەقێنرایەوە، چاك نەكراوەتەوەو توركیا تا ئێستا وادەی دەستپێكردنەوەی گواستنەوەی غازی رانەگەیاندوە.

ئەو بەرپرسەی كۆمپانیای غازی نیشتمانی ئێران پێشبینی كردوە كە هەناردەی غازی وڵاتەكەی بۆ توركیا لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی داهاتودا دەستپێبكاتەوە.

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا جەمشیدی دانا ئاشكرایكردوە كە هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق رۆژانە دەگاتە 32 ملیۆن مەتر سێجا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×