2020-04-27   1182     
ئا: لوقمان غەفوور
ڕۆژی ١٧ ی نیسان لەسەر ڕێگای تەکساس، ئەمبولانسێک بە تیژەوی دەیەوێت کچێکی تەمەن ١٠ ساڵ و تەواوی خێزانەکەی بگەیەنێتە نەخۆشخانەی گشتی ئانسۆن، لە نۆکس کاونتی ویلایەتی تەکساس، بەڵام ناگات بە نەخۆشخانە و گیان لەدەستدەدات.
کاتێک کارمەندانی نەخۆشخانە لە منداڵەکە دەڕوانن ھەر ئەو منداڵەیە ھەفتەیەک بەبەردەوامی ١٠٠ ماسکی گەیاندۆتە کامەندانی تەندروستی نەخۆشخانەکە، چونکە لەبەرەکانی پێشەوەی کۆرۆنا ڤایروس لە جەنگدان.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنی کەی تەکساس ١٢_ ئەی بی سی، (لیکسی برۆک کۆلینز) لەکەرتی نۆکس، لەماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا زیاد لە ١٠٠ ماسکی پێشکەش بە نەخۆشخانەی گشتی ئانسۆن کردووە.
کارین لۆگان ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی شارۆچکەی مۆندای بە نیگەرانییەوە باس لە مردنی ئەو کیژە تەمەن ١٠ ساڵە دەکات و دەڵێت:" بەھۆی ئەوەی دایکی کۆلینز و داپیرەیی و مام و ئامۆژنی پەرستیارن، عاشقی خزمەتگوزاری پەرستیار بوو، بەڵام نەگەیشت ئەو خزمەتە درێژە بکێشێت".
لۆگان دەشڵێت:"وێرای بچوکی تەمەنی، لیکسی دەست ڕەنگین و ژیر و بەرپرسیار بوو، ٥٠ ماسکی ئامادەکردبوو بیگەیەنێتە شارەوانییەکەمان و کارمەندان بەڵام بەداخەوە نەگەیشت پێمان".
ڕۆژی ٢٢ نیسان نەخۆشخانەی ئانسۆن ژمارەیەک لە ماسکەکانی لیکسی کۆلیز لەسەر پێگەی نەخۆشخانەکە ئەخەنەڕوو وەک ڕێزلێنانێک بۆ مەرگی ئەو منداڵە تەمەن ١٠ ساڵە. ھەروەھا پێگەی قوتابخانەی مۆندای سەرەتایی -یش بە ھەمانشێوە لەسەر پێگەکەیان دەنوسن:"سوپاس بۆ ئەوەی بۆ ئێمەت کرد".
جارا گرای کۆلینز دایکی ئەو منداڵە باسی ڕۆژی ١٧ی نیسان دەگێڕێتەوەو دەڵێت: "دوو ڕۆژ بوو ٥٠ ماسکی دروستکردبوو داوای لێکردین ھەموومان پێکەوە بە ئۆتۆمبێلێک بڕۆین بۆ شارەوانی مۆندای، بەڵام لەسەر ھێڵی خێرایی تەکساس توشی ڕووداوی ھاتوچۆ بووین".
بەھۆی ئەو ڕووداوی ھاتو چۆیەوە جگە لە لیکسی ، برایەکی و کوڕێکی مامی لیکسی مردن. دایکی و باوکی و داپیرەی و دوو منداڵی تریان ڕزگاریان بوو.